بەتۆمەتی هەڕەشەکردن لە ژنان کەسێک لە گەرمیان دەستگیرکرا - وێنە؛ پۆلیسی گەرمیان
پیاوێکە و لە گەرمیان فێعلەکەی کردووە
بە مۆبایلەکەی هەڕەشەی لە ژنان دەکرد؛ گیرا
شۆڕش قادری
لە گەرمیان پیاوێک کار و کاسبی ئەوە بووە، بە مۆبایلەکەی نامە بۆ کچ و ژنان بنێرە و هەڕەشەیان لێ بکات، پۆلیس دۆزییەوە و دەستگیری کرد.
“دوای تۆمارکردنی سکاڵای ئافرەتێک لەسەر تۆمەتبارێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی لێ کردبوو، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچونی ورد لەسەر تۆمەتبار شەوی رابردوو بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان توانیان تۆمەتبار بەناوی (م، م، س) دەستگیر بکەن”، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەنراوێکدا وادەڵێت.
لەکاتی لێکۆڵینەوکاندا تۆمەتبار دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و دوای پشکنینین، پۆلیس وێنەی چەندین کچ و ژنی لەناو موبایلەکەیدا بینیوە کە لای خۆی هەڵیگرتووە و هەڕەشەی لێ کردوون.
لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، تۆمەتبارەکە راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.