کەسێک لەهۆش خۆی چووە
لە بەردەم بانكی مەڵكەندی سلێمانی پاڵەپەستۆیەکی زۆر دروستبووە
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لە بەردەم بانكی مەڵكەندی سلێمانی پاڵەپەستۆ و قەرەباڵغییەکی زۆر دروستبووە بۆ وەرگرتنەوەی کارتی “هەژماری من” و کەسێکیش لەهۆش خۆی چووە.
زۆربەی ئەو کەسانەی لەوێن، خانەنشینن و تەمەنیان هەڵکشاوە، بۆیە لەم کوڵەکوڵەی گەرمایەدا تاقەتی زۆر وەستان و مانەوەیان نییە، دایە حاجییەک قسەی بۆ مایکی 64 کردووە و دەڵێت، “لە نۆرەکەدا پاڵپاڵێنێک دروستبوو خەریکبوو بخنکێم، تەنانەت پۆلیسەکانشیان کرد بەژێرەوە”.
“یەکساڵە فۆڕمەکەم پڕکردووتەوە بۆ هەژماری من، کەچی تاوەکو ئێستا نەهاتووەتەوە و بەو هۆیەشەوە مەعاشەکەم راگیراوە”، ئەو دایە حاجییە وادەڵێت.
مام حاجییەک کە وەک خۆی دەڵێت، هەموو جارێک لە پیرەمەگروونەوە سەیارە بە 25 هەزار دینار دەگرێت تا دەچێتە سلێمانی و مەعاشەکەی وەردەگرێت، ئەمڕۆش بەهۆی ئەو قەرەباڵغی و پاڵەپەستۆیەوە نەیتوانی کارتەکەی وەربگرێتەوە.
هەر لەناو ئەو پاڵەپەستۆیەی بەردەم بانکی مەڵکەندی، کەسێک لەهۆش خۆی چووە و ئەگەر زوو فریای نەکەوتنایە، کێشەی گەورەی بۆ دروست دەبوو.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری