چەند بڕیارێک درا

حکومەتی هەرێم: پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی سوپەر و موحەسەندا بکرێت

شۆڕش قادری

حکومەتی هەرێم لەسەر بەنزین چەند بڕیارێکی دەرکرد و یەکێکیان ئەوەیە کە پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی سوپەر و موحەسەندا بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 27.7.2026 سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی کرد.

بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە کە لە زووترین کاتدا، چارەسەری ئەم بابەتە بکەن بە جۆرێک کە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانە دران:

یەکەم؛ نرخی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتەوە، بە هەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت و لەسەر ئەو بەنزینخانانە دابەش بکرێت کە پابەندن بە رێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و جۆریی بەنزین.

دووەم؛ پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و موحەسەن) بکرێت كه گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی هەرێم و ڕێگریش بکرێت له قازانجى ناڕەوا.هەروەها ئاسانکاریش بکرێت بۆ هێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بەکار دەهێنرێن.

سێیەم؛ داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین کە ڕێژەی پێویستی نەوتی خاو بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا 50 هەزار بەرمیلە ، زیاد بکات بۆ 126.7 هەزار بەرمیل بە پێی ڕێژەی %12.67ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دیاریکراوە.

چوارەم: ڕێگریی لە قۆرخکاریی لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزین بکرێت.