هى عەدنان جومەیلى بووە
چاڵى پارە لە عێراق: 14 ملیارى دزیى لێ دەرهێندرا
وریا فەتاح
هەتا دێت دۆسیەى گەندەڵى عەدنان جومەیلى شتى سەیروسەمەرەى تێدەکەوێت، ئەمڕۆش لەناو چاڵێکدا بە فەردە پارە دەردەهێندرێت کە 14 ملیار بووە.
دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی نەهێشتنی گەندەڵیی ناوەندی ئاشکرایکرد، دەست بەسەر 14 ملیار دیناری عێراقیدا گیراوە، پەیوەست بە دۆسیەی تۆمەتباری راگیراو (عەدنان جومەیلی) بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، هەروەها ئەو کەسانەی دیکەش کە لەگەڵیدا تێوەگلاون.
دادوەری دۆسیەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو داهاتە داراییانەی کە لە رێگەی بەهەدەردان لە پرۆژەکانی تۆمەتبار و لایەنەکانی پەیوەست بە دۆسیەکەوە بەدەستهاتوون، توانراوە دەست بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا بگیرێت کە لەناو یەکێک لە چاڵەکانی تایبەت بە ئاوەڕۆی باراناودا شاردرابووەوە، جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە سەرجەم تێوەگلاوانی ئەم کەیسە.
هەر تایبەت بەم دۆسیەیە، شەوی رابردوو، حوسێن تاڵب بەڕێوەبەرى گشتیى بەرهەمە نەوتییەکانى سەر بە وەزارەتى نەوتى عێراق، لەسەر دانپێدانانى عەدنان جومەیلى، دەستگیر کرا.
عەدنان جومەیلى، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق، دواى ئەوەى بە تۆمەتى گەندەڵى دەستگیرکرا و چەندین دۆسیەى گەندەڵى لەسەر ساغ بووەوە، چەندین دانپێدانانى لەسەر ئەو کەسانە ئەنجامداوە کە لە تۆڕەکەیدا لەگەڵى بوون و کەم رۆژ هەیە بەرپرسێک بەهۆى دانپێدانانەکانییەوە دەستگیر نەکرێن.
تا ئەمڕۆ تەنیا ئەو پارانەى جومەیلى کە بەگەندەڵى پەیداى کردبوون، زیاتر لە 141 ملیار دینار و 20 ملیۆن دینار دەستى بەسەرداگیراوە، ئەوە جگە لە دەیان موڵک و ماڵ و زێڕ، هەروەها جگە لەو پارانەى لەو کەسانەش گیراوە کە لە دۆسییەکە تێوەگلاون.