بۆ ئەوەی چیتر وشک نەبن

ئاو لە دەربەندی رانیە بۆ ئاودێری دارستانی کێوەڕەش رادەکێشرێت

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاوی راپەڕین دەڵێت، تیمەکانی هۆبەی GISی بەردەوامن لە کارکردن بۆ رووپێوکردنی دارستانی کێوەرەش لە دەربەندی رانیە تاوەکو سەرەتای دارستانەکە بۆئەوەی بتوانن ئاو بۆ دارستاکە رابکێشن، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی دیزاینن بۆ راکێشانی ئاوەکە.

دارستانەکە کەوتووەتە بناری چیای کێوەڕەش لە بەشی باکووری شاری رانیە، لە ساڵانی حەفتاکانەوە دەست بە چاندنی کراووە و هەزاران داری تێدایە، چیای کێوەڕەشیش کە دارستانەکە کەوتووەتە دامێنی،  هەزار 200 مەتر لە ئاست رووی دەریاوە بەرزە.

پێشتر، بەرێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی راپەرین بلاویکردبووەوە، کە لە رۆژی 6.6.2026 بەشێوەیەکی کرداری دەستیان بەو رووپێوە کردووە، ئەم رووپێوەشیان تەنیا بۆ راکێشانی ئاو لە دەربەندەوە نییە بۆ دارستانەکە، بەڵکو رووپێوەکە سەرژمێری و تۆمارکردنی ژمارە و دۆخی دارەکان، دیاریکردنی بۆشایی و رووبەری زەوی دارستانەکە،  لێکۆڵینەوەی تۆبۆگرافی ناوچەکە و ئاستی بەرزی و نزمی زەویش دەگرێتەوە.

ئاماژە بەوەکراوە، کە ئەم هەنگاوەی ئێستا ناویانە، بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستن و گەشەپێدانی دارستانە دەستکردەکان و زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە دەڤەری راپەڕین.

دارستانی کێوەڕەش لە ساڵی 2023 بەدەست وشکبوونی بەشێک لە دارەکانی دەناڵێنێت، پێشتریش 964 بەدواداچوونی بۆ کردبوو لایەنە فەرمییەکان وتوبوویان کە بەشێک لە دارەکان (سنەوبەر) تووشی نەخۆشی کەڕوو و ئەوکات بەڕیوەبەرایەتی دارستان و پاوان، بۆ رێگری کردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە دەستیکرد بە بڕینەوەی سنەوبەرە نەخۆشەکان.

ئەبوبەکر حەسەن، لێپرسراوی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی رانیە بە 964ـی وتبوو، ساڵی 2023 لیژنەیەک پیکهێندرا و هاتن سەردانی دارستانەکەیان کرد و دوای پشکنین و بەدواداچوون دەرکەوت دارەکان تووشی نەخۆشییەکی کەڕوویی بوون.

وتیشی “تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نیە بۆ چاندنەوەی نەمامی تازە لە شوێنییان، چونکە چاندنی نەمامی تازە پێویستی بە خزمەتکردن و ئاگادار بوون هەیە، بەڵام ئێمە نە پاسەوان و نە کرێکاریشمان نیە کە چاودێری نەمامەکان بکەن”.

بەپێی دوایین سەرژمێری کە لە مانگی هەشتی 2023 تۆمار کراوە، دارستانەکە،  هەزار و 292 دار سنەوبەری بەهۆی نەخۆشییەوە وشکبوون و پێشبینیش کرابوو کە نزیکەی 500 داری دیکەش تووشی نەخۆشییەکە بووبن.