سەرۆک کۆماری عێراق:

“رێگە بە بەزاندنی خاکەکەمان نادەین لەژێر هیچ پاساوێکدا بێت”

فەرهاد حەسەن

سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێگە بە بەزاندنی خاکەکەمان نادەین لەژێر هیچ پاساوێکدا بێت

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر شارەکانی هەولێر و سلێمانی و رایگەیاند کە پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسایشی هاوڵاتیان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.

جەختی لەوە کردەوە، کە بە ئامانجگرتنی خاکی عێراق لەژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت “پێشێلکارییەکی رەتکراوەی سەروەریی عێراقە” و هەڕەشەیە بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری وڵات، ئاماژەی بە بنەمای “حسنی جوار” دراوسێیەتی باش کرد، کە دەبێت ببێتە بنچینەی پەیوەندییەکان، نەک بەزاندنی سنوورەکان.

ئەم هەڵوێستەی سەرۆک کۆماری عێراق دوای ئەوە دێت کە شەوی رابردوو هەرێمی کوردستان چەند رووداوێکی ئەمنیی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتیش لە ناوچەی تاسڵوجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە تیایدا تەقینەوەیەکی بەهێز ڕوویدا و بەدوایدا ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.

شایەتحاڵەکان ڕایانگەیاندووە کە شوێنی تەقینەوەکە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لای دانیشتوانی ناوچەکە و بەشێک لە خێزانەکان ماڵەکانیان چۆڵکردووە.

هاوکات لە هەولێریش، رادارەکان چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان بەدی کرد و دژەتیرۆری هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیویانە پێنج لەو درۆنانە پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە ئاسمانی هەولێردا تێکبشکێنن و بخەنە خوارەوە، بێئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە.