پارەکە ئێوە خۆش
دەربەندیخان؛ چیرۆکى ئەو ژنەى 190 دەفتەرى خەڵکى بردووە
وریا فەتاح
ژنێک لە قەزای دەربەندیخان، بە ناوی کەسابەت و کڕینی ئامێری لێزەرەوە، بڕی 190 دەفتەر دۆلاری لە ژمارەیەک هاوڵاتی کۆکردووەتەوە و فێڵی لێکردوون. لەسەر ئەم دۆسیەیە، تا ئێستا 11 کەس دەستگیرکراون کە زۆربەیان ئەندامی یەک خێزانن.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی پەیامنێری 964 ئەنجامیداوە، ژنەکە بە هاوڵاتیانی وتووە پارەکانیان بخەنە کارەوە بۆ ئەوەی ئامێری لێزەری لابردنی مووی پێ بکڕێت، لە بەرامبەریشدا بەڵێنی پێداون کە مانگانە لە خێر و قازانجی ئامێرەکان بەشیان دەدات. بەڵام دوای تێپەڕبوونی کات، دەرکەوتووە کە نە ئامێری لێزەر بوونی هەیە و نە پارەی هاوڵاتیانیش دیارە.
لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان ئەو ژنە و 10 کەسی دیکەیان بە تۆمەتی تێوەگلان لەو کەیسەدا دەستگیرکردووە. لە کۆی 11 دەستگیرکراوەکە، 4 یان ژنن و ئەوانی دیکە پیاون. بەپێی زانیارییەکانی 964، تۆمەتبارەکان کەسە هەرە نزیکەکانی ژنەکەن، کە مێرد، دایک، باپیر و دوو خاڵی تێدایە.
ئەمڕۆ دانیشتنی دادگا بۆ تۆمەتبارانی کەیسەکە بەڕێوەچوو، بە بڕیاری دادوەر یەکێک لەو 11 کەسە بە کەفالەت ئازاد کرا.
پەیامنێرى 964 لە بەدواداچوونەکەى دەستى کەوتووە کە تۆمەتباری سەرەکی (ژنەکە)، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا جێگیر نییە و هەر جارە و قسەیەکی جیاواز دەکات، بەڵام لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا بە ئاشکرا وتویەتی: “پارەکە نەماوە”.
لە لایەکی دیکەوە، دەرکەوتووە کە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵک پارەیان بەو ژنە داوە، بەڵام بەشێک لەو کەسانە لە ترسی لۆمەی خەڵک، تا ئێستا ئامادە نین بچنە دادگا و سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح