ئاڵای رێکخراوی داعشی لە تەنیشتە

​هێزە ئەمنیەکان لە قەزای داقوق بۆمبێکی چێندراو پوچەڵ دەکەنەوە

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 16.7.2026بۆمبێکی چێندراو لەسەر رێگای نێوان هەردوو گوندی حەمیدە”و عەنانەی قەزای داقوق دۆزرایەوە و هێزە ئەمنیەکان گەمارۆی ناوچەکەیان داوە و لە هەوڵی پوچەڵکردنەوەی بۆمبەکەدان.

فلاح حەسەن، ئەفسەر لەپۆلیسی گشتی داقوق بە 964ـی وت، بۆمبەکە لەلایەن شوانکارێکی گوندەکەوە بینراوە و دەستبەجێ هێزە ئەمنیەکانی لێ ئاگادار کردووەەتەوە و لەئێستادا تیمەکانی ئەندازەی سەربازی لە هەوڵی پوچەڵکردنەوەی بۆمبەکەدان.

وتیشی، بۆمبەکە لەناو جلیکانەیەکدا دانراوە و ئاڵای رێکخراوی داعشی لە تەنیشت بەرز کراوەتەوە و بەپێی دەرکەوتنی ئاڵاکە کە تازە دیارە و گومان دەکرێت پاشماوەی چەکدارانی داعش لەو سنوورە بوونیان هەبێت و لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی وردەکاری زیاتر بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ سوپای عێراق بەهاوکاری پۆلیسی قەزاکە دەست دەکەن بە کێوماڵکردنی وردی ناوچەکە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی هەر مەترسییەکی دیکە، چونکە ناوچە سنوورییەکانی قەزای داقوق، بەهۆی بەرفراوانی و بوونی هەندێک ناوچەی چۆڵ، ناو بەناو دەبنە ئامانجی جموجوڵی پاشماوەی چەکدارانی داعش.

پێداچوونەوە: توانا نەقی