گەنمیان زۆرە و سایلۆ ناتوانێت هەمووی وەربگرێت
جوتیارانی زاخۆ خەریکە رەنج بەخەسار دەبن
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، سبەی چوارشەممە 15.7.2026 دوایین رۆژی وەرگرتنی گەنمە لەلایەن سایلۆی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە و تا ئێستا سایلۆکە تەنیا 18 هەزار تۆن گەنمی وەرگرتووە، هێشتا نزیکەی 180 هەزار تۆن گەنم لای جوتیاران ماوەتەوە و وەرنەگیراوە.
بەقسەی بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی زاخۆ، بەغدا پلانی وەرگرتنی 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی داناوە، لەم رێژەیە تەنیا 21 هەزار تۆن بۆ زاخۆ دەستنیشانکراوە، لەکاتێکدا زاخۆ ئەمساڵ زیاتر لە 200 هەزار تۆن گەنمی بەرهەمهێناوە.
سایلۆی زاخۆ تەنیا گەنمی سنوورەکە وەرناگرێت، بەڵکو بڕێکی زۆری گەنمی ناحیەی مانگێشک و سەرسنگیش لە سایلۆی زاخۆ جێگەیان بۆ دەستنیشان کراوە.
ئومێد سەعدی، ئەندازیاری کشتوکاڵ لە سایلۆی زاخۆ بە 964ی وت، پێشبینی دەکەم جوتیاران ئەمساڵ توشی خەسارەتێکی زۆر ببن چونکە بەرهەمێکی زۆر هەیە و گەنمێکی کەمیش وەرگیراوە.
دەشڵێت: پێویستە بەغدا چارەسەرێک بۆ ئەم جوتیارانە بدۆزێتەوە و گەنمەکەیان لێوەرگرێت و لە بازاڕی دەرەوە بیفروشێت یان بە میکانزمێکی تر ساغی بکاتەوە.
وەک باسی دەکات، نزیکەی 400 جوتیاری گەنم لە سنووری ئیدارەی زاخۆ هەن، ئەگەر دۆخەکە ئاوا بەردەوام بێت ئەوان ناچار دەبن گەنمەکەیان بە نرخێکی کەمتر بە کۆمپانیا و بازرگانان بفرۆشن، بەمەش توشی زەرەر و زیانێکی زۆر دەبن و رەنگە ساڵانی داهاتوو بەردەوام نەبن.
ئەم بەرهەمە زۆرەی گەنم لە زاخۆ، لەکاتێکدایە کە پار بەهۆی وشکەساڵییەوە تەنیا 13 هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکانی زاخۆ وەرگیران، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆری رێژەی باران بارینەوە بەرهەمی گەنم 200 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە.
پێداچوونەوە: هەژان هادی