عاتفە حازف، پارێزەرى تەتەلو
دادگاى ئێران تۆبەکردنى ئەمیر تەتەلوی پەسەند کرد
وریا فەتاح
پارێزەری گۆرانیبێژی ئێرانی ئەمیر تەتەلۆ ئاشکرای دەکات، دادگا باوەڕی بەوە هێناوە کە بریکارەکەی “تۆبەی کردووە” و ئەمەش لە بەرژەوەندیی دۆسیەکەیدا دەبێت.
عاتفە حازق، یەکێک لە پارێزەرەکانی ئەمیر حوسێن مەقسوودلو (ناسراو بە ئەمیر تەتەلۆ) دەڵێت، “سەلماندنی تۆبەکردنی تەتەلۆ لەلایەن دادگاوە، دەبێتە خاڵێکی ئەرێنی و دەکرێت لە کاتی پێداچوونەوە بە داواکارییەکانماندا بەهەند وەربگیرێت”.
پارێزەرەکەی تەتەلۆ داواکارییەکی هەیە و دەڵێت، ئێستا هەندێک لەو گۆرانیبێژ و هونەرمەندانەی پێشتر جێی مشتومڕ بوون، خەریکە مۆڵەتی کارکردن لە ناوخۆی ئێران وەردەگرن، بۆیە هیوادارن بەرپرسانیش بارودۆخی تەتەلۆ لەبەرچاو بگرن و هاوشێوەی ئەوان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
راپەڕە ئێرانییەکە بەهۆى تاتۆی تەواوی جەستەی و گفتوگۆی کراوەی لەسەر بابەتەکان زۆرجار بەرامبەر بە سیاسەت و لایەنە کۆمەڵایەتییەکانی یەکێک بوە لەو هونەرمەندانەی زۆرترین مشتومڕى لەسەر دروستبووە، ساڵى پاریش دادگای ئێران بە تانەدان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، ئەوەش دواى ئەوەى بە تۆمەتى کوفرکردن و سوکایەتى بە پێغەمبەر، سزادرابوو.
تەتەلوی تەمەن 38 ساڵ، لە ساڵى 2018ـەوە نیشتەجێى ئیستانبوڵ بوو، بەڵام لە کانوونی دووەمی 2023، تورکیا رادەستی ئێرانی کردەوە و لەو کاتەوە لە ئێران دەستبەسەرە.