"جگە لە بەرتیل هاوڵاتیانیشیان هەراسانکردووە"
دەستەی دەستپاکی شەش فەرمانبەری گومرگی “دارەمان”ـی دەستگیرکرد
فەرهاد حەسەن
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، توانیویانە شەش فەرمانبەر لە خاڵی گومرگی “دارەمان” لە پارێزگای کەرکوک دەستگیر بکەن، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و ئەنجامدانی کاری نایاسایی.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەسپاکی، تیمەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک، بەپێی فەرمانی دادوەر، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە خاڵی گومرگی دارەمان (کە دەکەوێتە سەر رێگای نێوان کەرکوک و هەولێر) ئەنجامداوە.
تۆمەتبارەکان کە شەش فەرمانبەری گومرگەکەن، بەوە تۆمەتبار کراون کە بە ئەنقەست رێگرییان لە راییبوونی مامەڵەی هاوڵاتیان کردووە و دەستەکەش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم فەرمانبەرانە “داوای پارەیان لە هاوڵاتیان کردووە و هەراسانیان کردوون و ئامادە نەبوون مامەڵە یاساییەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن تا ئەو کاتەی پارەیان وەک بەرتیل لێ وەرنەگرتوون، سەرەڕای ئەوەی مامەڵەی هاوڵاتیان هیچ کێشەیەکی یاسایی نەبووە.
لە ئێستادا هەر شەش تۆمەتبارەکە بەپێی بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983) دەستگیرکراون و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
دەسپاکی جەختی کردووەتەوە، کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هەماهەنگییەکی ورد لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە کەرکوک بەڕێوەچووە.