سەرجەم بەندەرەکانی دادەخات

سبەینێ ئەمریکا ئابڵۆقەی هەمەلایەنەی دەریایی بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

فەرهاد حەسەن

ناوەندی هەواڵ هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارێکی نوێ و توندی لەبارەی گەمارۆدانی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاند و بەپێی راگەیەندراوەکە، بەم ئابڵۆقەیە قۆناغێکی نوێی گرژییەکان دەستپێدەکات.

ئەو خاڵە گرنگانەی لە راگەیەندراوەکەی هێزی دەریایی ئەمریکادا هاتووە بریتین لە؛ گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، سەرجەم کەشتییەکان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، بێ گوێدانە ئەوەی کەشتییەکە ئاڵای چ وڵاتێکی هەڵکردووە.

خاڵێکی دیکە، ئابڵۆقەکە سەرجەم بەندەرەکانی ئێران دەگرێتەوە و هیچ هاتوچۆیەکی دەریایی رێپێدراو نابێت و بڕیارەکەش لە سبەینێ سێشەممەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە دیاریکراویش لە کاتژمێر 11:00ی شەو بەکاتی کوردستان.

ئەم هەنگاوە، دوای پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتۆن و تاران دێت و وەک هەوڵێکی چڕی ئەمریکا دەبیندرێت بۆ بڕینی تەواوی هێڵە بازرگانی و سەربازییە دەریاییەکانی ئێران.

ئەمڕۆش فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە دوێنێ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئەمریکا درۆنی دەریایی لە دژی ئێران بەکارھێندرا و بنکەی “بەندەر عەباس”ی پێکا.

ناوەندی هەواڵ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، کە هێزەکانیان هێرشێکی سەرکەوتوویان کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی چاککردنەوەی ژێردەریا و کەشتی لە ناو خاکی ئێراندا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوێنێ هێزەکانی سێنتکۆم بە بەکارهێنانی چەندین درۆنی خۆکوژی (خۆتەقێنەر)، بنکەیەکی نۆژەنکردنەوەی کەشتییەکانیان لە ناوخۆی ئێران کردووەتە ئامانج. لە هەمانکاتدا، سێ درۆنی دەریایی لە جۆری “کۆرسێر” (Corsair) بەندەری بنکەی دەریایی “بەندەر عەباس”یان پێکا، ئەمەش وەک یەکەمین بەکارهێنانی فەرمی درۆنی دەریایی لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکاندا تۆمارکرا.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم هێرشانەی شەوی رابردوو تواناکانی ئێرانیان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لاوازکردووە و زیانی گەورەیان بە ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە گەیاندووە.