بابەتەکە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە بەبێ رەزامەندی عێراق

تورکیا لە تانەدانەکەی دادگای پاریس دۆڕاندی و دەبێت ملیار و نیوێك دۆلار غرامە بدات

فەرهاد حەسەن

بەپێی بەڵگەنامەکانی پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا بەهۆی نەوتی هەرێمەوە وڵاتەکەی نزیکەی ملیار و نیوێك دۆلار غەرامەکراوە، ئەویش دوای ئەوەی تورکیا داوایەکی یاسایی دۆڕاندووە، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت “با غرامەکە لە سامانی تایبەتی ئەردۆگان وەربگیرێت، نەک لە بودجەی گشتی”.

دەنیز یۆڤوز یەڵماز، پەرلەمانتاری پارتی گەلی کۆماری (CHP) لەگەڵ بڵاوكردنەوەی ژمارەیەك بەڵگەنامە لە تۆڕی X رایگەیاند، تورکیا لە دادگای تێهەڵچونەوەی پاریس کەیسێکی گرنگی نێودەوڵەتی دۆڕاندووە سەبارەت بە بۆری نەوتی خاوی عێراق – تورکیا.

تورکیا بە فەرمی لە دادگاکەی پاریس تانەی لەو غەرامە نێودەوڵەتییە دابوو کە پێشتر داواکەی لە بەرژەوەندی ئەم نەبوو، بابەتەکەش بەهۆی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كورستان لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018، بەبێ رەزامەندی عێراق.

یۆڤوز ئاماژەی بەوەکردووە، کە هەوڵەکانی حکومەتی ئاکەپە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بێ ئەنجام بووە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە تورکیا بڕی ملیارێك و 471 ملیۆن دۆلار وەک غرامە بدات.

ئەو پەرلەمانتارەی ئۆپۆزسیۆن جەختیکردەوە کە ئەم زیانە داراییە زەبەلاحە ئەنجامی “بڕیارە نادروستەکانی حکومەتە” و داوای کرد کە بڕی پێبژاردنەكە لە سامانی تایبەتی رەجەب تەیب ئەردۆگان و بەرپرسانی پەیوەندیداری ئاکەپە وەربگیرێت، نەک لە بودجەی گشتی و گیرفانی هاوڵاتیان.

ئەم کێشە یاساییە بۆ ساڵانی 2014 تاكو 2018 دەگەڕێتەوە، کاتێک دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بڕیاریدا کە تورکیا بەبێ رەزامەندی حکومەتی ناوەندی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستانی گواستوەتەوە و لە بەندەری جەیهان باریکردووە، هەروەها بە نرخێکی کەمتر لە نرخی عێراق فرۆشتویەتی، بۆیە بڕیاری سزادانی ئەنقەرەی دا.