ئەپڵیکەیشنەکە کاراکرا

لەمڕۆوە دەتوانى پسوڵەى خۆراکەکەت بۆ بریکارێکى تر بگوازیتەوە

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر رایگەیاند، بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، خزمەتگوزارییەکی نوێ لە ئەپڵیکەیشنی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنیدا کاراکراوە، کە تایبەتە بە گواستنەوەی پسوولەی خۆراک لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە چاوەڕێی کردنەوەی ئەم مامەڵەیە بوون، بۆ گواستنەوەی پسوولەکانیان رەچاوی ئەم مەرجانە بکەن:

1.  بۆ گواستنەوە لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی دیکەی هەمان شوێن، پێویستە هاووڵاتییەکە کارتی زانیاریی هەمان شوێنی هەبێت.

2.  گواستەوە لە بریکارێکەوە بۆ بریکارێکی ناوچەیەکی دیکە، پێویستە کارتی زانیاریی تایبەت بەو ناوچەیە هەبێت کە دەیەوێت گواستنەوەکەی بۆ بکات.

3.  پرۆسەکە تەنیا تایبەتە بە گواستنەوەی تەواوی پسوولەی خۆراکەکە و بۆ گواستنەوەی تاکە کەس (نەفەر) نییە. بۆ نموونە، ئەوانەی هاوسەرگیرییان کردووە ناتوانن خێزانەکانیان بگوێزنەوە سەر پسوولەی ماڵی باوکی کوڕەکە و پێویستە چاوەڕێ بکەن تاوەکوو ئەو خزمەتگوزارییەش کارا دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی گواستنەوەی پسوولە لە نێوان پارێزگاکانیشدا دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام ئەم مامەڵەیە ئەلیکترۆنی نییە و پێویستە هاووڵاتییان لە هەفتەی داهاتووەوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ ئەوەی مامەڵەکەیان بە دەست بۆ ڕایی بکرێت.

هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، بۆ پێشکەشکردنی مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان لەناو ئەپڵیکەیشنەکەدا، هاووڵاتییان پێویستیان بە یەکێک لەم کارتە بانکییانە دەبێت (کی کارد، سوپەر کی، یان ڤیزا کارتی بانکی جنووب).