ئینتەرنێتی ستارلینک کارا بکەن

کۆمپانیاکەى ئیلۆن مەسک داوایەک لە هەرێمى کوردستان دەکات

وریا فەتاح

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، کۆمپانیای (سپەیس ئێکس – SpaceX)ی ئەمریکی بە فەرمی داواکاریی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی (ستارلینک – Starlink) لە هەرێمی کوردستان کارا بکات و بۆ ئەم مەبەستەش دەست بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ کراوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە کۆمپانیای سپەیس ئێکس داواکارییەکەی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی فەرمی خزمەتگوزارییەکانیان بێننە ناو هەرێمی کوردستان. پاش ئاڵوگۆڕکردنی چەندین نامەی ئەلیکترۆنی، لە رێکەوتی 30ـی حوزەیرانی 2026، یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی لە نێوان هەردوولا بەڕێوە چووە.

لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکومەتی هەرێم پێکهاتبوون لە (بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن، بەڕێوەبەری یاسایی، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر و نوێنەری دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران)، لە بەرامبەریشدا ستافی سپەیس ئێکس پێکهاتبوون لە (سەرپەرشتیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێپرسراوی وەرگرتنی رێگەپێدانی کۆمپانیاکە).

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕ لەسەر رێکارەکانی کارکردنی سپەیس ئێکس کراوە، هاوکات مەرج و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم خراونەتەڕوو کە پێویستە کۆمپانیاکە لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان رەچاویان بکات.

وەک باسکراوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پێشوازییەکی گەرمی لەم هەنگاوە کردووە و بە گرنگییەوە دەڕوانێتە هاتنی ئینتەرنێتی ستارلینک کە بەشێکە لە تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکانی جیهان.

جەختیش لەوە کراوەتەوە کە دوای جێگیرکردنی رێنماییە تەکنیکییەکان، ئەمە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ فەراهەمکردنی فرەچەشنیی لە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتدا لە هەرێمی کوردستان.