جامی ئۆتۆمبێلیان دەشکاند و دزییان دەکرد

پۆلیسی هەولێر دوو دزە بەناوبانگەکەی شارەکەی دەستگیرکرد

فەرهاد حەسەن

پۆلیسی هەولێر دەڵێت، ئەو دوو تۆمەتبارەیان دەستگیرکردووە کە لە دوو شوێنی بەناوبانگی شارەکە جامی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانیان دەشکاند و دزییان دەکرد

بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیس، پاش بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا تۆمەتباران لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان و لە پێش یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری، جامی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانیان دەشکاند بۆ مەبەستی دزیکردن و دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، هێزەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بەشی نەهێشتنی تاوان (نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی باکوور)، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی وردیان دەستپێکرد و توانیان لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا، هەردوو تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر بکەن.

لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ ئەم دوو تۆمەتبارە رێکخراوە و رادەستی دادگا کراون بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.