هەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە
گەڕەکی هەواری تازە لە سلێمانی کێشەى ئاویان هەیە
ئەحمەد محەمەد- سلێمانى
ساڵانە لەگەڵ دەرکەوتنی گەرمای هاویندا، کێشەی بێئاوی بەرۆکی بەشێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی دەگرێت، بەڵام گەڕەکی “هەواری تازە” پشکی شێری لەم نەهامەتییە بەردەکەوێت و دانیشتووانەکەی لە دۆخێکی سەختی بێئاویدا دەژین.
حاجی ئافتاو بابەکر، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە، باس لە کاریگەرییەکانی ئەو کێشەیە دەکات و بۆ پەیامنێرى 964 بەمشێوەیە قسەى کردووە،”بەهۆی نەبوونی ئاوەوە، ناتوانم نهۆمی سەرەوەی خانووەکەم بەکرێ بدەم و بە چۆڵی ماوەتەوە. تەنانەت کاتێک ئاویشمان بۆ بەردەدەنەوە، لە ماوەی دوو کاتژمێردا، کاتژمێرێکی تەنیا هەوا بە بۆرییەکاندا دێت و فشارەکەی ئەوەندە کەمە کە ناگاتە تانکی سەربانەکانمان.”
لەبەر ئەوەى سێ رۆژ جارێک و لە کاتێکى نادیاردا ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە، پیاوانى گەڕەک ناچاربوون گروپێکى واتساپ دروست بکەن و لەوێوە یەکترى ئاگادار بکەنەوە، ئارام عەبدوڵا ئاماژە بەوە دەکات، کە لەگەڵ دەستپێکی هاویندا دەکەونە دۆخی ئامادەباشییەوە و لە رێگەی ئەو گروپەوە، دراوسێکان یەکتری لە هاتن و نەهاتنی ئاو ئاگادار دەکەنەوە.
“هاوینی رابردوو ماڵ هەبووە لەم گەڕەکەدا بە بڕی یەک ملیۆن دینار ئاوی کڕیوە. ئێستاش کە گەرما دەستی پێکردووەتەوە، چاوەڕێی باشتربوونی دۆخەکە ناکەین.” مەلیحە ڕەسوڵ، ژنێکی دانیشتووی گەڕەکەکەیە واى بە 964 وت.
بێ ئاوى لەو گەڕەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش داناوە، بەوتەى حاجى ئافتاو ئەگەر میوان تەلەفون بکات و ئاویان نەبێت، ناچارن بڵێین،”ببورن لە ماڵەوە نین”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح