تام و رەنگی شەرتە

هەنگەوانان دەستیان کرد بە بڕینەوەی هەنگە سروشتیەکانیان

دەریا ئەحمەد – کۆیە

کاتی بڕینەوەی مێش و هەڵگرتنەوەی بەرهەمی هەنگوینە، لە گوندی تۆپزاوای سنووری قەزای کۆیە هەنگەوانێک بەرهەمی ئەمساڵی هەنگوینەکەی کۆکردەوە و وەک خۆی دەڵێت، “موبالەغە لە نرخی هەنگوین دەکرێت، من هەنگوینێکی تەواو سروشتیم هەیە و نرخیشی هەرزانە”.

سەفین کەیفی هەنگەوانە و بە 964ـی وت، ئەو دوو جۆر هەنگی هەیە و بەرهەمی هەنگوینەکەی تەواو سروشتیە، جیاکردنەوەی هەنگوینی سروشتی و ساختەش بە تام و رەنگەکەی دیارە بەڵام کەسێک شارەزا نەبێت رەنگە بە زەحمەت بتوانێت جیایی بکاتەوە.

“ئەمساڵ بەهۆی زۆری باران و کەش و هەوا خۆشەکەی وایکردووە بەرهەمی هەنگوین باش و زۆر بێت، بەڵام ئێمە بەرهەمەکەمان نابەینە بازاڕ و هەر زوو مشتەریەکانمان لە ماڵەوە لێمان دەکڕن و پێمان دەڵێن کە بەشی ئەوان دابنێین” سەفین کەیفی وای وت.

وتیشی لە کوردستان سێ تاقیگەمان هەیە بۆ پشکنینی هەنگوین و داوا دەکەم ساڵانە نمونە لە هەموو هەنگەوانەکان وەربگیرێت و ببردرێت بۆ تاقیگە و مۆڵەتی فرۆشتنی بەرهەمەکەنیان پێبدرێت و دیاری بکرێت کە تا چەند ئەم بەرهەمە سروشتیە.

ئەو هەنگەوانە دەشڵێ، موبالەغە زۆر لە نرخی هەنگوین دەکرێت و بێ هۆ بە نرخێکی گران و کیلۆی بە 80 هەزار و 90 هەزار دەفرۆشرێت، بەڵام من هەنگوینەکەم تەواو سروشتیە و لە 40 تا 45 هەزار زیاتری نادەم هەر ئەوەندەش دەهێنێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی