نرخى لم بەرز بووەوە

بەرزبوونەوەى نرخى گاز کارگەکانى چەو و لمى داخست

عەزیز عەبدوڵا- ئاخجەلەر

بەرزبوونەوەى نرخى گاز و بەنزین، کاریگەرى راستەوخۆى لەسەر کارگەکانى چەو و لم جێهێشتووە و بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى چەو و لمیش.

لە سنوورى ناحیەى ئاخجەلەر، لەکۆى 12 کارگەیى چەو و لم، چوار کارگەیان بە تەواوەتى وەستاون و هەریەکەیان 10 بۆ 15 کرێکارى بێکار کردووە.

وشیار رۆستەم کە خاوەنى یەکێک لە کارگەکانى چەو و لمە لە سنوورەکە، بە 964ـى وت،” ساڵانێکە خەریکى ئەو کارەین، بەڵام هیچ کاتێک ئەوەندەى ئێستا بێئیش نەبووین، بۆیە ناچار بووین کرێکارەکان بنێرینەوە و ئیشکردن بووەستێنین”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، بەرزبوونەوەى نرخى گاز بووەتە هۆى ئەوەى بەناچارى کار رابگرن، چونکە رۆژانە کارگەکانى چەو و لم 1500 بۆ 2000 لیتر گاز دەسوتێنن، بەم نرخە گرانەش بۆیان دەست نادات لە کارکردن بەردەوام بن.

ئاشکراشى کرد، 20 رۆژە کارى وەستاندووە و 15 کرێکاری کارگەکەشى بەهۆەوە بێکار بوون.

لاى خۆیەوە رەئوف حاجى قادر، شۆفێرى بارهەڵگریى چەو و لم بە 964ـى وت،”بەهۆى ئەم دۆخەى دروست بووە، نرخى یەک مەتر لمى لەبخ، پێنج بۆ شەش هەزارى چووەتەسەر و جاران مەترى بە 22 هەزار بووە و ئێستا بووە بە 27 و 28 هەزار دینار”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح