شەوی رابردوو چی گوزەرا؟
گرژییەکان لە لوتکەدان؛ لە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە بۆ یاریگاکانی جیهان
ژووری هەواڵ
گرژییەکان لە لوتکەدان، لە ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە بۆ یاریگاکانی جیهان، کۆکراوەی گرنگترین رووداوەکان؛
📌درەنگانی شەو سوپای پاسداران داخستنی گەرووی هورمزی راگەیاند و وتی؛ تا دەستوەردانەکانی ئەمریکا کۆتایی نەیەت رێگە بە هیچ کەشتییەک نادەین هاتوچۆ بکات.
📌ئێران بە داخستنی گەرووی هورمزەوە نەوەستا و هەر دوای ئەوە ئاکسیۆس رایگەیاند؛ سوپای پاسدارانی ئێران موشەکێکی گرتووەتە کەشتییەکی بارهەڵگری بازرگانی کە هەوڵی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزدا داوە و ئاڵای قوبرسی هەڵگرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی پێکان و زیانپێگەیشتنی.
📌راستەوخۆ دوای ئەم هێرشانەی ئێران میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە بەندەر عەباس و پارێزگای بوشەهر و دوورگەی قیشم و چەندین ناوچەی دیکەی ئێران دەنگی تەقینەوە بیستراوە و لە تارانیش سیستەمی بەرگری ئاسمانی خرایە کار.
📌سێنتکۆم: یەکێک لە ئەندامانی ستافی ئەو کەشتییەی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج ونبووە، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە بزوێنەرەکانیدا گەشتەکە راگیراوە
📌سێنتکۆم؛ 140 بنکەی سەربازیی ئێرانییان کردە ئامانج، هێرشەکان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی، درۆن و کەشتی جەنگی ئەنجامدراون و ئامانجەکان شوێنەکانی موشەک و درۆن، کۆگاکانی تەقەمەنی و تواناکانی هێزی دەریایی ئێران بوون.
📌سێنتکۆم: تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان بە گەرووی هورمزدا بەردەوامی هەیە.
📌دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا: ستافی ئەو کەشتییەی لە رۆژهەڵاتی عومان کرایە ئامانج، کەشتییەکەیان جێهێشتووە و لە ئێستادا لەسەر بەلەمێکی رزگارکردنن.
📌ئێران دوای ئەم هێرشانەی ئەمریکا بێدەنگ نەمایەوە و بەیانی ئەمڕۆ هێرشی موشەک و درۆنی کردەسەر قەتەر و بەحرەین کوەیت، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرجەم ناوچەکان بیسترا.
📌هەر دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر قەتەر وەزارەتی ناوخۆی ولاتەکە رایگەیاند: پێویستە هەمووان لە ماڵەکان و شوێنە ئارامەکاندا بمێننەوە و لە پەنجەرە، رووبەرە شووشەییەکان و ناوچە کراوەکان دوور بکەونەوە تا مەترسییەکە نامێنێت.
📌قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: سەردەمی رێککەوتنە یەکلایەنەکان بەسەرچوو.
📌وتەبێژی سوپای ئێران: دەستوەردانەکانی ئەمریکا بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی نایاسایی لە گەرووی هورمزدا، بووەتە هۆی ناسەقامگیری و نەبوونی ئاسایش
📌وەزیری دەرەوەی ئێران: بیروڕا لەگەڵ لایەنی عومانی ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە “میکانیزمە گونجاوەکان” بۆ دەستەبەرکردنی تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییەکان بە گەرووی هورمزدا.
📌جامی جیهانی 2026؛ ئەرجەنتین بۆ چوارگۆشەی زێڕین سەرکەوت و ئینگلتەرا کۆتایی بە ڤایکینگەکان هێنا.
📌دیوانی ئەمیری قەتەر کۆچی دوایی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، میری پێشووی وڵاتەکەی لە تەمەنی 74 ساڵیدا راگەیاند