سێنتکۆم رایگەیاند، بە فەرمانی ترەمپ زنجیرەیەک هێرشی تازەیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە
چەند تەقینەوەیەک لە بەندەرەکانی ئێران روویاندا
سێنتکۆم: بە فەرمانی ترەمپ هێرشی نوێمان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد
964+
شۆڕش قادری
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە فەرمانی ترەمپ زنجیرەیەک هێرشی تازەیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە.
کەمێک پێش ئێستا سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، “بە بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێزەکانمان دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی هێرشی زیاتر دژی ئێران بەمەبەستی لاوازکردنی توانای سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ هەرەشەکردن لە ئازادی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەمریکا، ئێران بە بەپرسیار دەزانێت بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە ناڕەوایانەی کە لەم دوایانەدا کراونەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و تیمە مەدەنییەکان کە بە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا تێدەپەڕن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ چوارشەممە 8.7.2026 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەی جەی دی ڤانس هەڕەشەیان لە ئێران کرد و وتیان، رەنگە ئەمشەو بە توندی لە ئێران بدەن، کەمێک پێش ئێستاش دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە بەندەر عەباس و چابەهار و کەنارەک و چەند بەندەرێکی دیکەی ئێران بیسترا، بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە وردەکاری ئەو هێرشانە و زیانەکانیان نەزانراوە.