ئەمشەو مۆندیال دەستپێدەکات

خواست لەسەر درێسی عێراق زۆرە

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

مۆندیال ئەمشەو دەستپێدەکات و خەڵکیش بۆ پشتگیری کردنی هەڵبژاردەی دڵخوازی خۆیان درێس و ئاڵاکانیان دەکڕن و فرۆشیارێکی جلوبەرگی وەرزیشیش لە سلێمانی دەڵێت، ئەمساڵ خواست لەسەر درێسی عێراق زۆرە.

هیوا عوسمان، فرۆشیارێکی بابەتی وەرزشییە بە 964ـی وت، لەپاڵ درێسی هەڵبژاردە گەورەکانی وەک بەرازیل، فەرەنسا و پرتوگال ئەمساڵ درێسی عێراقیش خواستی زۆری لەسەرە و خەڵکی زۆر داوای دەکەن بەهۆی یاریزانە کوردەکانی ناو هەڵبژاردەی عێراقەوە.

وتیشی، جگە لە درێس ئاڵا و کاس و تۆپیش خەڵک زۆر دەیانکڕن، بەتایبەت کاسەکە فەرمانگەکان وەکو دیکۆر و بابەتی رازاندنەوە دەیبەن و بەکاریدەهێنن.

“دوو جۆری جیاواز درێسمان هەیە و دانەیەکیان نرخەکەی 10 هەزار و ئەوی تریان نرخەکەی 15 هەزار دینارە، نرخی تۆپیش تا 35 هەزار دەڕوات” هیوا عوسمان وای وت.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر