ماکڕۆن: پەرەسەندنی ئەرێنی هەیە
فەرەنسا کۆتایی بە ئەرکی (شارل دیگۆل)ی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا
فەرهاد حەسەن
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا رایگەیاند، فڕۆکەهەڵگری “شارل دیگۆل” ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی جێهێشتوە و دەگەڕێتەوە بۆ فەڕەنسا، بەوەش کۆتایی بەو ئەرکە هێنا کە لە پاشخانی جەنگی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا پێی سپێردرابوو.
ماکرۆن لە بڵاوکراوەیەکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” رایگەیاند، بە سەرنجدان بەو “پەرەسەندنە ئەرێنییە”ی کە لە رێکەوتنی نێوان ئێران و ئەمریکادا هاتوەتەئاراوە، فڕۆکەهەڵگرەکە گەڕاوەتەوە بۆ “بەندەری نیشتەجێبونی خۆی لە تۆڵۆن”.
ئاماژهی بهوهشكرد، “ئامڕازە تایبەتەکانمان بۆ لادانی مین و هاوڕێیەتیکردنی کەشتییەکان هەر بە بڵاوەپێکراوی دەمێننەوە و ئامادەن بۆ دەستوەردان لەگەڵ هاوبەشەکانماندا” لە ناوچەکەدا.
ئەو فڕۆکەهەڵگرە لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا گەیشتبووە ناوچەی کەنداو و لەوێ لە دۆخی ئامادەباشیدابوو بۆ جێبەجێکردنی ئەرکێکی “بێلایەنانە”ی گونجاو بە مەبەستی پاراستنی گەشتی دەریایی لە گەرووی هورمز، وەک ئەوەی پێشتر لەلایەن ئەلیس رۆفۆ، وەزیری دەوڵەتی فەڕەنسا بۆ کاروباری هێزە چەکدارەکان راگەیاندرا.
جوڵهكردنی ئەو فڕۆکەهەڵگرە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە ناوچەکەدا هات، کە بەهۆی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە28.2.2026 دەستی پێکردبوو.
تاران و واشنتن لە 17.6.2026 یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆکرد، کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ دانوستانەکان بە مەبەستی گەیشتن بە رێکەوتنێکی کۆتایی لە ماوەی 60 رۆژدا.