لە فڕۆکەخانەی کەرکوک؛ 226 هەزار دۆلار دەستی بەسەردا گیرا

964+

پەری ساڵح

دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک دەست بەسەر بڕی 226 هەزار دۆلاری ئەمریکیدا گیراوە، کە گەشتیارێک هەوڵیداوە بە نایاسایی بیباتە دەرەوەی وڵات.

بەپێی راگەیەندراوێکی گومرگ، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کاتی پشکنینی رێبواران لە هۆڵی بەڕێکردنی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی کەرکوک، دەست بەسەر بڕی (226,000) دوو سەد و بیست و شەش هەزار دۆلاردا گیراوە کە بە پێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقەوە بووە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەکە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئیدارەی بنکەی گومرکی فڕۆکەخانەکە و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدراوە؛ هاوکات کۆنووسێکی یاسایی بۆ رووداوەکە رێکخراوە و پەڕاوی یاسایی دژی گەشتیارەکە کراوەتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ئەم رێوشوێنە توندانە لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان بەردەوام دەبن، ئەمەش لە پێناو پاراستنی ئابووری نیشتمانی و رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی بەقاچاخبردنی دراو.