ئیرنا نهێنییەکانی رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا ئاشکرا دەکات

ئێران: لە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ ئەمریکا دەستبەرداری یۆرانیۆمی پیتێنراو نابین

هەژان هادی

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) چەند وردەکارییەک و خاڵێکی سەرەکی لەبارەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن بڵاوکردەوە و بەپێی زانیارییەکان رێککەوتنەکە مەلەفی ئەتۆمی ناگرێتەوە و ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە ناوچەکە و گەڕانەوەی پارە بلۆککراوەکانی ئێرانە، لە بەرامبەردا تاران دەستبەرداری مافەکانی نابێت.

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا ئاماژەی بەوە کردووە، دەقی گشتیی یاداشتنامەکە هیچ بڕگەیەکی پەیوەست بە مەلەفی ئەتۆمی تێدا نییە و تاران بەردەوام دەبێت لە هێشتنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئامانجی سەرەکی واژۆکردنی ئەم لێکتێگەیشتنە، کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە لەم قۆناغەدا.

سەبارەت بە گەرووی هورمز، ئاژانسە ئێرانییەکە رەتیکردووەتەوە دەستبەرداری بەڕێوەبردنی ببن و دەڵێت، واشنتن هیچ رۆڵێکی لەو گەرووەدا نابێت، بەڵکو تاران تەنیا لەگەڵ عومان ئەو بابەتە چارەسەر دەکات. هاوکات لە ئەگەری واژۆکردنی کۆتایی یاداشتنامەکەدا، تاران راستەوخۆ بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانی لە دەرەوەی وڵات وەردەگرێتەوە و بڕیار وایە ئەوەی دیکەشی بە چەند قۆناغێک و وردە وردە بۆ بگەڕێندرێتەوە.