دیمەنی گردبوونەوەی فەرمانبەرانی گرێبەست _ وێنە: ئەرشیف
"نووسراومان بینیوە"
گرێبەستە بە تەمەنەکان 15ساڵ خزمەتیان نەبێ خانەنشین نابن
ئەحمەد مستەفا
بەشێوەی زارەکی بە فەرمانبەرانی گرێبەست وتراوە، ئەو فەرمانبەرانەی کە تەمەنیان لە 60 ساڵ بەسەرەوەیە و لە دامودەزگانی هەرێمی کوردستان کاریان کردووە گەر خزمەتیان 15 ساڵ نەبێ، نابێ مامەڵەی خانەنشینیان بۆ بکەن.
بەپێی دوایین داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست 30 هەزار و 937کەسە، ئەم ژمارەیە نزیکەی 2.60٪ی کۆی گشتی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێ.
ئەم بەیانییە 5.7.2026، فەرمانبەرانی گرێبەست لە بڵاوکراوەیەکدا کە 964 بینوویەتی، دەڵێن، دوای بەدواداچوون بۆ دۆسیەی فەرمانبەران گرێبەست بۆمان دەرکەوت بەشێوەیەکی نهێنی بە زارەکی بە دەمودەزگاکان وتراوە ئەو فەرمانبەرانەی کە تەمەنیان لە 60 ساڵ بەسەرەوە کاری خانەنشینی بۆ نەکەن.
ئەوەش بەهۆکاری ئەوەی، دەبێتە کێشە بۆ دامودەزگاکانی حکومەت، چونکە هیچ کەسێک نییە بۆ راپەڕاندنی کارەکان جێگایان بگرێتەوە، هەروەها زاندراوە کە ئەوانە خزمەت بکەن و نەکەن هیچ ناگۆڕێت ئەو کارەی دەکەن لە زیادەیە واتا بە خزمەت هەژمار ناکرێت، لەبەیاننامەکەدا بەوجۆرە ئاماژەیان پێ داوە.
بڵاوکراوەی فەرمانبەرانی گرێبەست دەڵێ، بەپێی نووسراوێک کە دەست ئێمە کەوتووە کە بۆ وەزارەتی دارایی نێردراوە دەربارەی خانەنشینی بوونی فەرمانبەرانی گرێبەست وەزارەتی دارایی وەڵام داوەتەوە، دەڵێت پێویستە ئەوانەی 60 و بەسەرەوە خزمەتی 15 ساڵی هەبوو ئەوە خانەنشینی بۆ بکەن، ئەوەی کە لە 15 ساڵ کەمتری هەیە گەر خزمەتی هەبوو لە شوێنی تر ئەوەی بۆی بکەن بە 15 ساڵ خانەنشینی بکەن گەر نەبوو پێویستە دەست بە جێ کۆتایی بە ڕاژەکەی بهێندرێت.
حکومەتی هەرێم مانگانە بڕی 13 ملیار و 838 ملیۆن دینار وەک مووچە بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست دابین دەکات، مووچەی مانگانەی هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست بەپێی بڕوانامە و پسپۆڕی لە نێوان 300 هەزار بۆ 700 هەزار دینارە.