ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق:
“کەسانی فێڵباز دەیانەوێت دۆسیەی عەدنان جومەیلی بۆ سەرانەوەرگرتن بقۆزنەوە”
فەرهاد حەسەن
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، ئاشکرای دەکات کە کۆمەڵێک کەسی “فێڵباز” دۆسیەی عەدنان جومەیلی بریکاری پێسووی وەزیری نەوت، بۆ مەبەستی سەرانەوەرگرتن و هەڕەشەکردن لە بازرگانان بەکاردەهێنن.
دادوەر زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی، ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بلاویکردووەتەوە دەڵێت “هەندێک کەسی هەڕەشەکار و فێڵباز کە کارمەندی چەندین لایەنی فەرمی و نافەرمین، هەوڵدەدەن بارودۆخ و رێڕەوی لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە دۆسیەی تۆمەتباری دەستگیرکراو عەدنان محەمەد حەمود جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن و گروپەکەی بقۆزنەوە.”
باس لەوەدەکات، کە ئەم کەسانە پەیوەندی بە بازرگانانەوە دەکەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناویان لە ناو لێکۆڵینەوەی دۆسیەکاندا هاتووە، ئەمەش تەنیا بە مەبەستی چاوترساندن و سەرانەوەرگرتن لێیان.
ئەم دادوەرە داوا لە هەموو هاوڵاتیان و بەتایبەتیش بازرگانان دەکات “بڕوا بەم درۆیانە نەکەن و مل بۆ هیچ جۆرە سەرانەوەرگرتنێک نەدەن و هەر کارێکی لەو شێوەیەتان بینی، لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنی (07718454304) دادگا ئاگادار بکەنەوە.”
ئاماژە بەوەشدەکات، کە چەندین تۆمار و چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی لە هەندێک کەناڵی ئاسمانی بینراون، تێیاندا میوانەکان زانیارییان لەسەر لێکۆڵینەوەکان داوە، کە سەرلەبەریان نادروست بوون و هیچ پەیوەندییەکیان بە راستییەوە نەبووە.
جەخت دەکاتەوە، کە دادگا توندترین رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم کارە ناشرینانە دەگرێتەبەر، کە دەیانەوێت پەڵە بخەنە سەر هەوڵەکانی دادوەری و حکومەت و دەزگاکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.