بە پشتوێنێک هەجیجیەکان دەناسیتەوە
هەجیج؛ یەکێکە لە خاوێنترین گوندەکانی جیھان و لە کوردستانە
ئەمەل ناجی
گوندی ھەجیج، سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشانی رۆژھەڵاتی کوردستان، بە یەکێک لە خاوێنترین و جوانترین گوندەکانی کوردستان و جیهان ناسراوە، خەڵکەکەی بە شێوەزاری ھەورامی قسە دەکەن و سروشتێکی جوان و دڵڕفێنی هەیە.
هەجیج پێشتر جگەرەکێشی نەبوو؛
تا چەند ساڵێکیش پێش ئێستا لە گوندەکەدا ھیچ کەسێک جگەرەشی نەدەکێشا، بەڵام بە ھۆی ھاتنی گەشتیارێکی زۆر و تێکەڵبوونی دانیشتوانەکەی بە خەڵکی دەرەوە، ئێستا کەسانی جگەرەکێشیش لە گوندەکەدا پەیدابوون.
پێشتر گوندەکە لە تەختاییەکانی ناوچەکەدا بوو، بەڵام کاتی درووستکردنی بەنداوی داریان لەسەر رووباری سیروان، گوندەکە گواسترایەوە بۆ لاپاڵی شاخەکان و گوندە کۆنەکە نوقمی ناو بەنداوەکە بوو، ئێستا ھەم باخ و ھەم خانووی دانیشتوانەکەی لەقەد پاڵی شاخەکاندایە.
پشتوێنێک بووەتە ناسنامەی هەجیج؛
یەکێک لەو هێمایانەی کە دانیشتووانی گوندەکەی پێ جیادەکرێتەوە لە خەڵکی ناوچەکە، پشتوێنێکی پیاوانەی تایبەتە، کە رەنگی سور، سپی و شینە و تەنیا خەڵکی ئەو گوندە شێوازی درووستکردنەکەی دەزانن، تەنیا خەڵکی گوندەکەش ئەو جۆرە پشتوێنە دەبەستن و بەو پشتوێنەدا پیاوانی ئەو گوندە جیا دەکرێنەوە و لە ھەر شوێنێک بن دەناسرێنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری