لە 1700 دروستکراوە
یونیسکۆ حەمامە مێژووییەکەی موسڵ نۆژەندەکاتەوە
فەرهاد حەسەن
لقی رێکخراوی یونیسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق بڵاویکردەوە لەرێگەی تیمەکانیانەوە خەریکی نۆژەنکردنەوەی گەرماوی قەڵان لە شاری موسڵ، کە مێژووی دروستکردنەکەی بۆ زیاتر لە 300 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
گەرماوەکە، دەکەوێتە چەقی شاری کۆنی موسڵ، لە دەوروبەری ساڵی 1700 دا دروستکراوە، سەردەمانێک ناوەندێکی کۆمەڵایەتی پڕ لە ژیان بووە و خەڵکی بۆ حەسانەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی تێیدا کۆدەبوونەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە سەرەڕای ئەوەی بۆ چەندین دەیە ئەم گەرماوە فەرامۆش کرابوو، بەڵام هێشتا یەکێکە لەو کەمترین گەرماوە مێژووییانەی مووسڵ کە شێوازە تەلارسازییە رەسەنەکەی خۆی لەدەست نەداوە.
یونیسکۆ دەڵێت، ئەمڕۆ بە پاڵپشتی یەکێتی ئەوروپا و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی گشتی شوێنەوار و کەلەپوور، کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی ئەم شوێنەوارە مێژووییە ناوازەیە دەکات لە چوارچێوەی پڕۆژەی “بوژاندنەوەی شارە کۆنەکانی موسڵ و بەسڕە” .
باسی کەوەشکراوە نۆژەنکردنەوەی ئەم گەرماوە بۆ ئەوەیە، تاوەکو ببێتە فەزایەکی نوێ بۆ کولتوور، کەلەپوور و کۆمەڵگە لەسەر کەنارەکانی رووباری دیجلە لە شاری موسڵ.