"بەبێ رێنمایی بەکاری مەهێنن"
کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز بەکارهێنانی قڕکەرەکان لە کشتوکاڵ بە مەترسی گەورە دەزانێت
فەرهاد حەسەن
کۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز تایبەتمەندی بۆ پاراستنی ژینگە هەیە ئامۆژگاری هاوڵاتیان و جوتیاران دەکات کە بە هیچ شێوەیەک مادەی قڕکەر بۆ کشتوکاڵکردن بەکارنەهێنن، چونکە دەڵێت “مەترسی گەورە دروستدەکات”.
کۆمەڵەکە بڵاویکردووەتەوە کە قڕکەرەکان (مبیدات) یەکێکن لەو ئامرازانەی کە بۆ کۆنترۆڵکردنی مێروولە، نەخۆشییە رووەکییەکان و رووەکی نەخوازراوەکان لە کشتوکاڵدا بەکاردەهێندرێن، بەڵام بەکارهێنانی بێ رێنمایی و زۆر لە رادەبەدەر، زیانێکی گەورە بۆ ژینگە، گیانداران و تەندروستی مرۆڤ دروست دەکات.
دەڵێت، قڕکەرەکان لەگەڵ ئەوەی کەدەبنە هۆی پیسبوونی خاک، ئاو و هەوا و گیاندارە سوودبەخشەکان لەناودەبەن وەک هەنگ، پروانە و باڵندەکان، پاشماوەی ئەم ماددانەش لە ناو بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا دەمێنێتەوە و لە رێگەی خۆراک و ئاوەوە دەگاتە جەستەی مرۆڤ، کە دەکرێت هۆکاری هەندێک کێشەی تەندروستی، وەک هەستیاری، کێشەی هەناسەدان، زیان بە جگەر و گورچیلە، و لە هەندێک حاڵەتدا زیادبوونی مەترسیی هەندێک جۆری شێرپەنجە بێت.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و کەمکردنەوەی مەترسییەکانیشی، بە پێویستی دەزانێت، تەنیا ئەو جۆرە قڕکەرانە بەکاربهێندرێن کە لەلایەن پسپۆڕان پێشنیار دەکرێن، یاخود ئەگەر بەکاریشیان هێنا رێنماییەکانی سەر پاکەتی قڕکەر بە تەواوی جێبەجێ بکەن.
باس لەوەشدەکات کە بەکارهێنانی قڕکەرە بایۆلۆجی و سروشتییەکان لە شوێنی قڕکەرە کیمیاییەکان، کاتێک گونجاون و هەندێک لە باشترین جێگرەوە سروشتییەکانی قڕکەرە کیمیاوییەکانیشی بۆ دیاریکردوون کە بەریتیین لە زەیتی نیم ، کە لە تۆوی داری نیم دەردەهێندرێت و دژ بە مێروولە و شیلە و مۆڵەکان کاریگەرە و باکتریای (Bt) یش قڕکەرێکی بایۆلۆجییە کە تەنیا کرم و لاروەی هەندێک مێروولە زیانبەخش دەکوژێت، بەڵام بۆ مرۆڤ و زۆربەی گیاندارە سوودبەخشەکان مەترسییەکی زۆر کەم هەیە.
باسی لە ئاوی سیریش کردووە کە سپرای سیر بۆ دوورخستنەوەی شیلە، مێش و هەندێک مێروولەی تر بەکاردەهێندرێت و زەیتی درەختی (ئیکالیپتۆس)یش بۆ دوورخستنەوەی هەندێک مێروولە و پەپوولە سوودی هەیە.
کۆمەڵەکە پێیوایە کە پاراستنی ژینگە و تەندروستی مرۆڤ بەرپرسیارێتی هەموولایەکە، بۆیە بەکارهێنانی هۆشمەندانەی قڕکەرەکان و پشتبەستن بە شێوازە نوێ و ژینگەپارێزەکانی کشتوکاڵ، دەتوانێت لە یەککاتدا بەرهەمی باش و ژینگەیەکی پاک بپارێزێت و هەمیش کشتوکاڵێکی بەردەوام بکرێتە بنەمای دڵنیایی خۆراک و پاراستنی داهاتووی نەوەکانە.