بۆ چەند بابەتێک
سبەینێ عەباس عێراقچی لە بەغدا دەبێت
فەرهاد حەسەن
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سبەی یەکشەممە دەگاتە بەغدا، ئامانجی سەردانەکەش بۆ چەند بابەتێکی.
ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراویكی كورتدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویكردەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەیانی سبەی یەکشەممە لە سەردانێکی فەرمیدا دەگاتە بەغدا. ئامانجی ئەم سەردانە ئەنجامدانی زنجیرەیەک گفتوگۆیە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە.
بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، بەرنامەی کارەکانی عێراقچی بریتییە لە تاوتوێکردنی دۆسیەکانی وزە، گواستنەوە، و پەرەپێدانی هەماهەنگی ئابوری و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، بڕیاریشە وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی فەرمی وڵاتەکەی بگەیەنێتە بەرپرسانی عێراق بۆ ئەو هەڵوێستە رەسمی و میللییانەی کە لە کاتی قەیرانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا نیشانیان داوە.
پێشتر سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باسیان لەوەكردبوو، ئەم سەردانە گفتوگۆی سیاسی و ئەمنی فراوان لەخۆدەگرێت لەژێر رۆشنایی ئەو پەرەسەندنە خێرایانەی ناوچەکەدا، چونکە تاران و بەغدا دەیانەوێت لە رێگەی ئەم راوێژە بەردەوامانەوە هەماهەنگییەکی بەهێز بکەن بۆ پاراستنی سەقامگیری و رێگریکردن لە فراوانبونی هەر جۆرە گرژییەک.