کڕین و فرۆشتنى پێدەکرێت؟

حکومەت خاوەنیەتی؛ ئاوی کانییەکەی ناو زەوییەکەت هی خۆت نییە

964+

وریا فەتاح

ئەگەر زەوییەک یان باخێکت هەیە و کانییەکی سروشتی تێدایە، تەنانەت ئەگەر تاپۆکەش بەناوی خۆتەوە بێت، دەبێت بزانیت کە ئەو کانییە موڵکی تۆ نییە و وەزارەتی دارایی خاوەنیەتی.

بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی سلێمانی (تاپۆ)، روونکردنەوەیەکی گرنگی یاسایی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بەپێی ماددەی 7 بڕگەی 2 لە یاسای ژمارە 90ـی ساڵی 1975ـی هەموارکراو، ئاوی هەموو کانییە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان (سلێمانی، هەولێر و دهۆک) موڵکی دەوڵەتە و بۆ سوودی گشتییە، حوکمی تاپۆکە بۆ کانییەکە نامێنێت.

بەپێی روونکردنەوەکە، هەرکاتێک هاوڵاتییەک بیەوێت لە فەرمانگەکانی تاپۆ مامەڵە بەو زەوییەوە بکات، ناتوانێت مامەڵە بە کانییەکەوە بکات، بەڵکو دەستی بەسەردا دەگیرێت و بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆماردەکرێت.

ئایا دەتوانیت لە حکومەتی بکڕیتەوە؟
نەخێر، هیچ رێگەچارەیەکی یاسایی نییە. تەنانەت وەزارەتی داراییش ناتوانێت کانییەکەت پێ بفرۆشێت، چونکە بەپێی ماددەی 71 بڕگەی 2 لە یاسای شارستانیی ژمارە 40ـی ساڵی 1951، کانی موڵکی گشتییە نەک موڵکی تایبەتی حکومەت، بۆیە نابێت دەوڵەت کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات.

روونیشى کردووەتەوە ئەو سەرچاوە ئاوییانەی بە دەستی مرۆڤ دروستکراون، وەکو (کارێز، بیری ئاسایی و بیری ئیرتیوازی)، ئەم یاسایە نایانگرێتەوە و دەتوانیت وەک موڵکی خۆت مامەڵەیان پێوە بکەیت.