دارایی وادەڵێت؛
خه‌رجی حه‌وت ساڵی حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر له 87 ترلیۆن دینار بووە
فەرهاد حەسەن
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، لە حه‌وت ساڵی رابردوودا، تێكڕای خه‌رجییه كردارییه‌كان زیاتر له 87 ترلیۆن و 500 ملیار دینار بووە، کە ساڵانی 2017 تاوه‌كو 2025 ده‌گرێتەوە.
ئاماژەی بەوەکردووە، له‌و ژماره‌یه زیاتر له 65 ترلیۆنی خه‌رجی موچه بووه و زیاتر له 14 ترلیۆنیش خه‌رجی به‌كارخستن كه بریتییه له خزمه‌تگوزارییه‌كانی رۆژانه‌ی فه‌رمانگه و وه‌زاره‌ته‌كان و هتد، هه‌روه‌ها زیاتر له چوار ترلیۆن خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با بووه و نزیكه‌ی چوار ترلیۆنیش خه‌رجی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان.
دارایی هەرێم دەڵێت “ئه‌مه جگه له‌و موچانه‌ی كه له‌و ماوه‌یه‌دا خه‌رجنه‌كراون، له‌گه‌ڵ رێژه‌ی لێبڕینه‌كانی خانه‌نشینی موچه‌و پله به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و جیاوازییه‌كانی، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ شایسته‌ی كۆمپانیاكان و به‌ڵێنده‌ران كه خه‌رجنه‌كراون، له‌گه‌ڵ خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با كه به‌شێكیان به‌شێوه‌ی چه‌ك و مه‌قاسه خه‌رجكراون به‌هۆی كه‌می نه‌ختینه‌ی به‌رده‌ست له بانكه‌كاندا”.
باس له‌وه‌شدەکات، سه‌رجه‌م خه‌رجییه‌كانی به‌كارخستن و وه‌به‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌داهاتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان خه‌رجده‌كرێت و له دوای ساڵی 2013ه‌وه وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ ته‌نیا به‌شێك له ته‌مویلی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هه‌رێمی كوردستان ناردوه كه بووەته به‌شێك له ته‌واوكاری خه‌رجی موچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران.
دارایی ئەم زانیاریانەی لەناو پارتووکێکی تایبەت بە كار و چالاكی و چاكسازییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری له ساڵانی 2019 تا 2025 بلاوکردووەتەوە، کە به‌داتا و زانیاری و گرافیك شێوازی خه‌رجكردنی موچه‌ی مانگانه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران و میكانیزمی ته‌مویلكردنی پاره‌كان له حه‌وت ساڵی رابرده‌ودا روونكراوه‌ته‌وه.
بەپێی داتاکانی ناو یەو پەرتووکە، له‌كابینه‌ی نۆیه‌مدا له (2019 – 2025) حكومه‌تی هه‌رێم 13 موچه‌ی ته‌واوه‌تی نه‌داوه كه سێ موچه‌ی هی كابینه‌ی پێشووه و 10 موچه‌ی هی كابینه‌ی نۆیه‌مه.