لە هەڵەبجە، دهۆک و گەرمیان

لە سێ شوێنی هەرێم گەڕان بەدوای دۆزینەوەی تەرمی خنکاوەکان بەردەوامە

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێستا لە یەک کاتدا لە هەرێمی کوردستان تیمەکانیان لە سێ شوێنی جیاواز لە پرۆسەی گەڕان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو هاونیشتمانیانەی لە ئاودا خنکاون.

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، ماوەی 11 رۆژە بە بەردەوامی تیمەکان لە رووباری سیروان بە دوای تەرمی ئەحمەد لوقماندا دەگەڕێن کە لەکاتی راوەماسیدا کەوتووەتە ناو ئاوی رووبارەکە و تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

بەرگری شارستانی ئاکرێ دیمەنی تیمەکانی بڵاوکردووەتەوە کە شەوی رابردوو و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەدوای ئەو منداڵەی دانیشتووی هەولێردا دەگەڕێن کە لە نزیک رووباری زێی گەورە لە دوێنێوە ونبووە.

منداڵەکە تەمەنی سێ ساڵانە و بەمەبەستی گەشتکردن و سەیران لەگەڵ کەسوکارەکەی لە هەولێرەوە هاتبوونە سەر ئەو رووبارە لە نزیک گوندی چەمەی سەر بە ناحیەی رۆڤیای قەزای بەردەڕەش.

لە هەڵەبجەش، ئێوارەی دوێنێ گەنجێک کەوتوونەتە ناو ئاوی سیروان لەناوچەی ئاوەماری سازان و تاوەکو ئێستاش نادیارە.

گەنجەکە ناوی باوان یوسف تەمەن 18 ساڵە، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بەمەبەستی  گەشت و گەڕان چوونەتە ئەم ناوچەیە .

زانیاری عومەر رەشید ، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەڵەبجە، بە 964ی وت، بەهۆی بەردانەوەی ئاو لەسنوری ئێرانەوە سێ گەنجەکە لە ناوچەی سازان کەوتنە ناو ئاوەوە، تیمەکان دوو لەو گەنجانەیان رزگار کردووە، بەڵام یەکێک لەگەنجەکان تاوەکو ئێستا بێ سۆراغە و گومان دەکرێت خنکابێت.