کەمتەرخەمەکان بدەن بە دادگا
زەیدی بڕیاریدا: دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە گرێبەستەکانی پێشوو بکەن
964+
ژووری هەواڵ
عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا پێداچونەوە بەو گرێبەستانەدا بکەن کە وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکان پێشتر ئەنجامیانداوە، بۆ ئەوەی بزانن ”تاچەند بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو گیراوەو دەریبخەن لایەنی کەمتەرخەم کێ بووەو ئەو کەسانە دەستنیشان بکەن کە موڵک و ماڵی گشتییان بەهەردەرداوە”.
نوسینگەی راگەیاندنی زەیدی دەڵێت: سەرۆک وەزیران فەرمانیداوە بە زووترین کات ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بدەنە دەسەڵاتی دادوەری و کەمتەرخەمەکان رووبەڕووی یاسا بکەنەوە.
ئەمە دەقی راگەیەندراوەکەیە، وەک خۆی کراوە بە کوردی:
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت و لە پێناو بەهێزکردنی خەبات دژی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی، رێنمایی کردووە بە دەزگا چاودێریکارە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتە شیاوەکانی جێبەجێکردنی یاسا کە دەست بە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە بکەن لە ژمارەیەک گرێبەستی گرنگ کە پێشتر لەلایەن وەزارەت و دامەزراوە حکومییەکانەوە ئەنجامدراون.
ئەم رێکارانە بۆ ئەوەیە بپشکنرێت تا چەند ئەو گرێبەستانە لەگەڵ یاسا و رێنمایییە کارپێکراوەکان هاوتایەن و تا چەند ماف و بەرژەوەندیی گشتیان لەبەرچاو گرتووە، بۆ ئەوەی هەر کەمتەرخەمییەک یاخود زیان گەیاندنێک بە پارە و سامانی گشتی دەربخرێت و ئەو کەسانەش ئاشکرا بکرێن کە بەسەر بەرژەوەندیی گشتییەوە سوودیان وەرگرتووە.
هەروەها سەرۆک وەزیران فەرمانی داوە کە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە زووترین کات بخرێنە بەردەم دەسەڵاتە دادوەرییە شیاوەکان، بۆ پاراستنی سامانی گشتی، رێگری لە ئەو دەستانەی یاری دەکەن و بدرێن بە دادگا.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران