لە خورماتوو
کورد و عەرەب و تورکمان بەشداری یادی عاشوران
سیروان خورشید – خورماتوو
لە خورماتوو بۆ شەهیدبوونی ئیمامەکەیان، ئیمام حوسێن منداڵ و گەورە لەسەر شەقامن و یادی عاشورا دەکەنەوە، ئەوان لە دە رۆژی یەکەمی مانگی موحەڕەم یادەکەیان بەڕێوەدەبن.
ئوممەتی ئیسلامی، بەتایبەتی شیعەکان، ساڵانە یادی عاشورا دەکەنەوە لەخۆدان و گریانیان بۆئەوەیە خودا لەو گوناهە پاکیان بکاتەوە کە بەهۆی پشتێکردنی خەڵکی کوفە بووە هۆکاری ئەوەی ئیمامەکەیان شەهید ببێ.
مێژوونووسان دەگێڕنەوە، حسێن كوڕی عەلی كوڕی ئەبو تاڵب لە ساڵی 680ی زایینیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسوكار و یاوەرانی لە حیجازەوە ڕوویان لە كوفە كرد بۆ داواكردنی خەلافەت دوای ئەوەی بانگێشتی لە خەڵكی عێراقەوە پێگەیشت. ئەوكات یەزیدی كوڕی معاویە خەلافەتی گرتبووە دەست بەهۆی مردنی باوكیەوە معاویەی كوڕی ئەبو سوفیان-ی خەلیفەی ئەمەویی یەكەم.
بەڵام والیی یەزید لە بەسڕە و كوفە هێزێكی ڕەوانەكرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیمام حسێن و ژمارەیەكی كەمی شوێنكەوتووانی، بەهۆیەوە ناچاربوون گەشتەكەیان بەرەو كەربەلا بگۆڕن. لەوێ گەمارۆدران و ڕێگەیان پێنەدرا دەستیان بە ئاوی فوڕات بگات، پاش دەستپێكردنی شەڕ لەنێوانیاندا هەر لەوێ كوژران، ژن و منداڵەكانیشیان بەدیل گیران، كە لە نێوانیاندا زەینەب-ی خوشكی و ئیمامی چوارەمی شیعە هەبوو، كوشتنی حوسێن لە سەرەتای مانگی موحەڕەم-دا بوو.
موحەڕەم
مانگی موحەڕەم یەکەمین مانگی ساڵنامەی کۆچی-یە لە ئیسلامدا، یەکی موحەڕەم ڕۆژێکە لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی پشووی فەرمییە و بە سەری ساڵی ئیسلامی ناوزەند دەکرێت.
واتای وشەی “موحەڕەم” لە زمانی عەرەبیدا بریتییە لە “قەدەغەکراو”. بۆیە بەم ناوەوە ناونراوە، چونکە لە ئیسلامدا بەرپاکردنی جەنگ و خوێنڕشتن و کوشتن لەم مانگەدا قەدەغەیە.
دیاریکردنی مانگی موحەڕەم وەکو سەرەتای ڕۆژمێری کۆچی لە کۆتا ڕۆژی مانگی زولحیجە لە ساڵنامەی کۆچی، لە ڕێگەی بینینی مانگەوە فەلەکناسانی ئیسلامی یەکەم دیاریدەکەن. لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتاب ساڵنامەی کۆچی دیاریکرا و بە فەرمانی ئەو دانرا، ڕووداوی کۆچی پێغەمبەری ئیسلام و ئەبوبەکری سدیقی هاوەڵی لە مەککەوە بۆ مەدینە بووە دەسپێکی ساڵنامەکە، مانگی موحەڕەم بە یەکەمین مانگ هەڵبژێردرا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا