خاوەنەکەی : بایی 50 دەفتەر ئەشیای تێدابوو
هۆکاری ئاگری مارکێتەکەی هەولێر نەزاندراوە “دوو برینداریش هەیە”
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەو ئاگرەی ئەمڕۆ لە مارکێتێکی هەولێر لە نزیک قوتابخانەى ئەحمەدى خانێی سەر شەقامى 100 مەترى کەوتبوەوە، تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نەزاندراوە، بەقسەی خاوەنەکەشی ئاگرەکە زەرەری 50 دەفتەر دۆلاری لێداوە.
شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964 ی راگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە کارمەندێکیان بە سووکی بریندارە و کارمەنێکی مارکێتەکەش بە برینداری گواستراوەتەوە نەخۆشخانە.
وتیشی “لیژنەیەکی تایبەت کار لەسەر لێکۆڵینەوە لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە دەکات و دواتر لەگەڵ زیانەکان کە بەر مارکێتەکە گەیشتووە هەمووی بڵاو دەکەینەوە”.
پشتیوان عەبدولقادریش خاوەن مارکێتەکەیە بە 964 ی وت، دۆخی کارمەندەکەیان باشە و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش نادیارە کە بووەتە هۆی زیانی 500 هەزار دۆلار بە مارکێتەکە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن