49 هەزار و 700 تۆن وەردەگرن

وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی گەرمیان دەستیپێکرد

میلاد جەلال – کەلار

وەرگرتنی گەنم لە سایلۆی گەرمیان دەستیپێکرد و ئەمساڵ بڕی وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی سنوورەکە نزیکەی 10 هەزار تۆن زیاتر بووە.

کاروان رەئوف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان بە 964ـی وت، ساڵی پار 39 هەزار تۆن گەنمیان لە جوتیارانی سنوورەکە وەرگرت، بەڵام بۆ ئەمساڵ بڕەکە زیادی کردووە و 49 ھەزار تۆن گەنم وەردەگرن.

“خەزانە ستیلەکانی سایلۆکە پڕن لە گەنمی ساڵی پار و ھیچ بڕە گەنمێک لە سایلۆکان وەرنەگیرا، بۆیە گەنمی ئەمساڵ لە پەنکەرەکانی دەرەوەی سایلۆکە دادەنێن”،کاروان رەئوف وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە ئەمساڵ لە 20ـی ئایار ئامادەبووین سایلۆکە بکەینەوە و گەنمی جوتیارانی گەرمیان وەرگرین، بەڵام بەھۆی رێکنەکەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێم و عێراق لەسەر وەرگرتنی گەنم نەمانتوانی زووتر سایلۆ بکەینەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی