"تا دوا هەناسەم شاخەوانی دەکەم"

بەتەمەنترین شاخەوان لەکۆیە گەیشتووەتە چەندین لوتکە شاخی بەرز

+964
دەریا ئەحمەد – کۆیە

خالید ئەحمەد پیاوێکی تەمەن 72 ساڵانە لە کۆیە، حەزێکی زۆری بۆ گەشتی شاخەوانی هەیە و گەیشتووە بە زۆرێک لە لوتکەی شاخەکانی کوردستان و چەند شاخێکی وڵاتی ئێرانیش، خالید دەڵێت،”تا دوا هەناسەم بەردەوام دەبم لە گەشتی شاخەوانی”.

خالید ئەحمەد بە 964ـی وت، بۆ بینینی سروشتی جوانی کوردستان و بۆ تەندروستیشم، گەڕان و شاخەوانی پێویستە و ئەو پیاوانەی لە تەمەنی مندان ئێستا لە چایخانەکان دا دانیشتوون بەڵام من 9 ساڵە خەریکی شاخەوانیم و دەمەوێ بەردەوام بگەڕێم.

“بۆ چەندین شوێنی زۆر سەخت رۆیشتووم کە کەسانی گەنج نەیانتوانیووە بڕۆن، دەتوانم بەردەوام لە پێشەوەی تیمەکەم بڕۆم بەڵام ڕۆیشتنی شاخەوانیش یاسای خۆی هەیە، خالید ئەحمەد وای وت.

ئەو وتیشی، گەیشتووم بە زۆرێک لە لوتکە شاخەکانی کوردستان و چومەتە چەند شاخی بەرز و سەخت لە وڵاتی ئێرانیش، ئەمە جگە لەو گەشتە دورانە هەفتانە بەردەوام گەشتمان هەیە بۆ دەورووبەری کۆیە.

لە بابەتی گەشتە کورتەکانیان دا خالید دەڵێت، بەیانیان بۆ نانی بەیانی دەچینە شاخی هەیبەت سوڵتان یان هەر شاخێکی تر لە نزیک کۆیە یاخود عەسران و دوای نیوەڕۆیان دەڕۆین چایەک دەخۆین و دەگەڕێینەوە.

دەشڵێ خێزانەکەم بەهۆی تەمەنەکەمەوە پێم دەڵێن واز لەو گەشتانە بێنە، بەڵام من لەوەیان بە قسەیان ناکەم و تا دوا هەناسەم بەردەوام دەبم لە شاخەوانی و سوودی تەندروستی لێدەبینم، ئەمە جگە لە بینینی دیمەنە دڵڕفێنەکانی ناوچە و شاخە جیاوازەکانی کوردستان.

خالید ئەحمەد لەدایکبووی ساڵی 1955ـەو خانەنشینە، پێشتر بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی باری شارستانی بوو لە کۆیە کەئێستا بووە بە کارتی نیشتیمانی.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا