ئاماری دەزگای لوتکەیە و بۆ 964 ئاشکرا کراوە
لە 11 ساڵدا 358 کۆچبەری کورد و عێراقی لە رێگای ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
کاربەدەستێکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران دەڵێت، زۆربەی هەرە زۆری ئەو کۆچبەرانەی لە عێراقەوە روودەکەن وڵاتانی ئەوروپا کوردن و لە ساڵی 2015ـشەوە تا ئێستا 358 کۆچبەر لەو رێگایە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی پەنابەرانە و باهۆز بەرزان بەڕێوەبەری پڕۆژەکانی دەزگای لوتکە ئاماری 11 ساڵی رابردووی کۆچبەرانی بۆ 964 ئاشکراکرد و وتی، “بەپێی ئەو داتایانەی لەبەر دەستی ئێمە دایە، لە ساڵی 2015ـەوە زیاتر لە 806 هەزار 593 کۆچبەری عێراقی داوای مافی پەنابەریان لە وڵاتانی رۆژئاوا کردووە، ئەو ژمارەیەش ئەو کەسانەی ناگرێتەوە کە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە”.
“هەر لەو ماوەیەدا 358 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 251 کەسیش بێسەروشوێن بوون”، باهۆز بەرزان وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 65٪ـی ئەو کۆچبەرە عێراقیانەی روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، هاوڵاتی کوردستانن و کە زۆربەیان خەڵکی دەڤەری راپەڕینن.
بەقسەی ئەو کاربەدەستە کۆچبەر هەبووە، باری دەروونی لە رێگای چوون بۆ ئەوروپا تێکچووە و دواتر گەڕاوەتەوە کوردستان.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری