سەدان ژنیان فریوداوە و هەڕەشەیان لێکردوون

پۆلیسی هەولێر دووباندی مەترسیداری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دەستگیر کرد

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی دوو باندی راگەیاند و دەڵێت، باندەکان مەترسیداری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و هەڕەشە بوون بۆ سەر ژنان.

ئاماژە بەوەکراوە، دوو باندەکە کاریان خەڵاتاندن و فریودانی سەدان ژن بووە و پاشان لەژێر فشاری هەڕەشەکردن و ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی وێنە و نهێنییەکانیان، زێڕ و پارەیەکی زۆریان لێ سەندوون.

باندی یەکەم پێکهاتووە لە دوو کەس بە ناوەکانی (س. ل. ا) لە دایکبووی ساڵی 1996 و (ب. ش. ح.) لەدایکبووی ساڵی 2004 و دانیشتووی شاری سۆرانن.

باندی دووەم پێکهاتووە لە سێ کەس بە ناوەکانی (س. س. ح) لە دایکبووی 1993 دانیشتووی قەزا کۆیە و (م. م. ع) لەدایکبووی ساڵی 1985 دانیشتووی شاری هەولێر و (پ. ج. ا) لەدایکبووی ساڵی 1994 دانیشتووی شاری سۆران.

پۆلیسی هەولێر داوا لە هاولاتیان دەکات، لە هەر بارودۆخێکدا دووچاری هەر هەڕەشە و مەترسییەک بوونەوە لە لایەن ئەو جۆرە گرووپ و کەسانەوە، راستەوخۆ دەزگا ئەمنییەکانی ئاگاداربکەنەوە.

هۆشداریش دەداتە هەر کەس و گرووپێک کە خۆیان بەدوور بگرن لە فریودان و هەڕەشەکردن، جەختیش دەکاتەوە کە “سەروماڵی هاوڵاتییان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لێناکرێت، بەپێچەوانەوە بە توندترین شێوە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و سزادەدرێن”.