قایمقامی کەرکوک وەڵام دەداتەوە

“بەکەس نەوتراوە باروتخانە چۆڵ بکەن”.. ئەی گرژییەکە بۆ چی بوو؟

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

لە گەڕەکی باروتخانەی کەرکوک ئەمڕۆ خەڵک چوونە سەر شەقام و دەیانوت، پێیان وتراوە خانووەکان چۆڵ بکەن، بەڵام قایمقامی کەرکوک دەڵێ، لیژنەیەک بوون چوون تا پێیان بڵێن، زیادەڕۆی مەکەن، ئەگەر پڕۆژەش هەبێ بۆ ناوچەکە قەرەبووی لەگەڵدا دەبێ.

گرژییەکەی باروتخانە بریتی بوو لە ئاڵۆزییەکی کاتی لە گەڕەکی باروتخانە لە کەرکوک کە ئەو ناوچەیە زیاتر لە 300 ماڵی تێدایە، لە کاتی خۆپیشاندانێکدا لەو گەڕەکە، دەمەقاڵێ و گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و ژمارەیەک شۆفێر دروست بوو.

شاڵاو ئەحمەد یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان بوو ئەو بە 964ـى وت، 350 خانوویە و هەمووى هى خەڵکى هەژار و کوڕ و کچە شەهیدە، لایەنێک بۆ تەماعى خۆیان دەیانەوێت بیکەن بە پڕۆژەى نیشتەجێبوون.

ئاڤێستا محەمەد، قایمقامی کەرکوک لەبارەی گرژییەکە بە 964ی وت، دڵنیایی ئەو خەڵکە دەکەینەوە، ئەگەر ئەو ناوچەیە بۆ هەر پڕۆژەیەک دەربچێ قەرەبوویان دەکەینەوە، ئەگەرچی تائێستا ئەو شوێنە نەدراوە بە هیچ وەبەرهێنەرێک، ئێمە تەنیا داوامان ئەوەیە خەڵک لەوێ زیادەڕۆیی نەکەن.

لەبارەی سەردانی لیژنەی زیادەڕۆیی بۆ گەڕەکەکە و داواکردن بۆ چۆڵکردنی ماڵەکان، قایمقام وتی، لیژنەکە بە کەسی نەوتوەە خانووەکان چۆڵ بکەن، تەنیا وتراوە زیادەڕۆیی مەکەن، چونکە بوونی زیادەڕۆیی لیژنەکە تووشی لێپرسینەوە دەکات و بڕیارێک نەبووە بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان، تا هەڵوەشێندرابێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا