راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ:

“گرێکوێرە”ی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران “پارە بلۆککراوەکان”ە

فەرهاد حەسەن

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، داواکارییە داراییەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی 36 ملیار دۆلاری بلۆککراو وەک مەرجی رێککەوتن، دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتن گەیاندوەتە بنبەست، چونکە ترەمپ نایەوێت هەمان “هەڵەی” ئیدارەکانی پێشوو دوبارەبکاتەوە و پارەی نەختینە بداتە تاران پێش ئەوەی ئێران دەستبەرداری بەشێک لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت

راپۆرتێکە، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە پرسی “پارە” و سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران بوەتە یەکێک لە دیارترین هۆکارەکانی پەککەوتنی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێران داوای وەرگرتنی نەختینەی “دەستبەجێ” دەکات کە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەمەش دۆناڵد ترەمپی خستوەتە بەردەم سەرکێشییەکی سیاسی گەورە، چونکە هەمیشە رەخنەی لە ئیدارەکانی پێشخۆی گرتووە بۆ هەمان هەنگاو.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكە، بۆ ترەمپ، بڕیاری ئازادکردنی سەرمایەکانی ئێران دەبێتە هۆی بەراوردکردنی لەگەڵ ئیدارەی باراک ئۆباما، کە پێشتر ترەمپ بە توندی رەخنەی لێدەگرت بەهۆی ئازادکردنی بڕە پارەی گەورە بۆ تاران لە دوای ڕێککەوتنی 2015.

تاران وەک مەرجێکی سەرەکی، داوای نزیکەی 12 ملیار دۆلار وەک پێشەکی و 24 ملیار دۆلاری دیکە لە ماوەی 60 رۆژی دانوستانەکاندا دەکات، تاوەکو فریاگوزارییەکی خێرا بۆ ئابوورییە ماندووەکەی دابین بکات، لە بەرامبەریشدا، ویلایەتە یەکگرتوەکان رەتیدەکاتەوە هیچ پارەیەک وەک پێشەکی بدات یان رێگە بدات ئێران بە ئازادی نەوت هەناردە بکات، ئەمەش وایکردوە گەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی دوابکەوێت.