باسی چی کراوە؟

وەزیری دەرەوەی ئێران: زەیدی پەیامی ئەمریکای بۆ ئێمە پێ نەبووە

ئەحمەد مستەفا

وەزیری دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە، سەردانەکەى عەلی زەیدی سەرۆک وه‌زیرانى عراق پەیامێکی ئەمریکات بۆ تاران هەڵگرتبێ وە دەڵێ، لە چوارچێوەی راوێژە دوقۆڵییە ئاساییەکانی نێوان عێراق و ئێرانە.

هەفتەیەک نابێ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە و لە ماوەی نۆ رۆژدا لەگەڵ هەردوو دوژمنە سەرسەختەکە کۆبووەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.7.2026 عەلی زەیدی بە داوەتی پزیشکیان چووە تاران، کە لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد دابەزی، لەلایەن عەلی مەدەنی زادە وەزیری ئابووری و سەرۆکی کۆمیسیۆنی هاوبەشی نیوان ئێران و عێراق پێشوازی لێکرا.

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سەردانەکەى عەلی زەیدی سەرۆک وه‌زیرانى عێراق بۆ ئێران و دەنگۆى ناردنى پەیامێک بۆ تاران رایگەیاند، عەلی زەیدی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا تاوتوێی ژمارەیەک دۆسییەی دووقۆڵیی و هەرێمایەتی کردووە، پێشتر زەیدی سەردانی واشنتۆنی کردبوو، شتێکی سرووشتییە ڕوانگە و تێبینییەکانی خۆی سەبارەت بەو سەردانە بۆمان بگەڕێنێتەوە، ئەوەشی بە بەشێک لە راوێژە ئاساییەکانی نێوان هەردوو وڵات دانا.

وەزیری دەرەوە وتی، گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق جێبەجێکردنی یاداشتی تێگەیشتنی ئاسایشی لە نێوان عێراق و ئێران، ئامادەکارییە تایبەتەکان بۆ سەردانی چلەی ئیمام حسێن لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پێشهاتە هەرێمییەکان.