بە میوانی رۆیشت و تەرمەکەی گەڕایەوە
کرێکارێک لە کاتی کارکردن بە تەزووی کارەبا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
گەنجێکی دانیشتووی خورماتوو کە بۆ میوانی چبووە شاری سلێمانی و لە کاتی یارمەتیدانی کەسوکارەکەی بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا.
ئاری عەبدوڵا، بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە964ـی راگەیاند؛ گەنجێک بە ناوی “محەمەد سەرمەدە” درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ تووشی رووداوی بەرکەوتنی کارەبا بووە و و دوای گەیاندنی بە یەکێک لەنەخۆشخانەکانی سلێمانی و دوای پشکنینی سەرەتایی دەرکەوتووە کە گەنجەکە بەهۆی تەزووی کارەباوە و پێش گەیشتنی بەنەخۆشخانە لەرێگا گیانی لەدەستداوە، تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادوەری گوازراوەتەوە و هەر ئەمشەو دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان رەوانەی خورماتوو دەکرێتەوە.
ئیسماعیل حەسەن، مامی گەنجەکە بە964ـی وت،” ئەمڕۆ برازاکەم بۆ سەردان چوو بووە شاری سلێمانی و لە ماڵی خاڵیدا میوان بووە، هەر لەوێش بەهۆی بەرکەوتنی بە تەزوی کارەبا گیانی لەدەست دا.
وتیشی، روداوەکە لەکاتێکدا بووە کە ماڵی خاڵی سەرقاڵی گۆڕینی کێبڵێکی کارەبای ماڵەکەیان بوون، برازاکەشم کە تەمەنی 24 ساڵە و پیشەی کرێکار بوو، بۆ هاوکاریی ئەوان دەستی داوەتە کارەکە، بەڵام بەهەڵە دەستی داوەتە کێبڵی سەرەکی ماڵەکە و پێش گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح