دەنگۆکە وا دەرنەچوو
کۆمەڵە: درۆیە جاسوس لەناو ئێمەدا نەبووە
ئەحمەد مستەفا
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەرزوو لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە رەتی کردەوە، “جاسوسێک تەقەی لە ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵە کردبێ و ئەندامێک لە ڕێبەرایەتی کۆمەڵەکە تێرۆر کردبێ”.
ئەو هێزە کوردییە دیارە ئەم ئێوارە دەنگۆ و هەواڵی رووداوەکەیان بیستووە و دەڵێن، بە روونی رایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکی راستیان نییە و بە تەواوی درۆ و بێ بەڵگەن.
وەک ئەمشەو 23.7.2026 کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وتوویانە، دڵنیایی دەدەن کە هەموو هاوڕێیانیان لە تەندروستی و سەلامەتیدان و هیچ رووداوێک بەو شێوەیە رووی نەداوە.
دەنگۆکە چی بوو؟
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، لە دۆڵی ئالانەی سەر بە قەزای خەلیفان، پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە سەر بە هێزی “رەزا کەعبی ” تەقەی لە هاوسەنگەرانی کرد و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون و دواتر تەقەکەرەکە هەڵاتووە.
دەقی راگەیەندراوەکە وەکخۆی؛
بۆ ڕای گشتیی
لە دوای بڵاوبوونەوەی هەندێک هەواڵ و دەنگۆی بێبەڵگە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە تێیدا وتراوە کە گوایە جاسوسێک تەقەی لە ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵە کردووە و برینداری کردوون و دواتر هەڵهاتووە، هەروەها ئەندامێک لە ڕێبەرایەتی تێرۆر کراوە، بە ڕوونی ڕایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەکی ڕاستیان نییە و بە تەواوی درۆ و بێبەڵگەن. دڵنیایی دەدەینەوە کە هەموو هاوڕێیان لە تەندروستی و سەلامەتیدان و هیچ ڕووداوێک بەو شێوەیە ڕووی نەداوە. لە هەمووان داوا دەکەین تەنها پشت بە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی کۆمەڵە ببەستن و لە بڵاوکردنەوەی هەواڵە ناڕاست و شایعە بێسەرچاوەکان خۆیان بپارێزن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی
٢٣ی جولای ٢٠٢٦