تاوەکو 40 رۆژ دەخایەنێت
بۆ یەکەمجار لە شوێنی کار خولی پیشەیی بۆ پیشەوەران بەڕێوەدەچێت
فەرهاد حەسەن
کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان خولێکی تایبەت بۆ پیشەوەران بەڕێوەدەبەن کە پێشتر نەکراوە، ئەویش لەناو هۆپڵ و پۆل جێبەجێ ناکرێت بەڵکو بەشێوەیەکی مەیدانی لە شوێنی کارکردنی پیشەوەران جێبەجێی دەکەن و ماوەکەشی تاوەکو 40 رۆژ دەخایەنێت.
خولەکە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، بەڕێوەبەرایەتیی راهێنانى پیشەیی هەولێر بە هەماهەنگى لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ILO) بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوی (AGO) و پاڵپشتیی دارایی حکومەتى هۆڵەندا، لە شارى هەولێر دەکرێتەوە.
ئەم خولە جیا لە خولەکانى تر بەشێوەى تیۆرى (وانەى ناو پۆل) نییە، بەڵکو راستەوخۆ دەچێتە ناو شوێنی کارە راستەقینەکان لەناو جەرگەی کۆمپانیا، کارگە و بازاڕدا، لەگەڵ پیشەگەرەکان و خاوەنکار نهێنییەکانی پیشەیەکى نوێ بە کردەیی فێر دەبیت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار دەڵێت، ماوەى خولەکە 20 تاوەکو 40 رۆژ دەبێت و هەریەک لە بابەتەکانی تەکنیکارى کارەبا، دانانى سیستمى چاودێرى، ئاسنگەری، تەکنیکارى IT، چاککردنەوە و پاراستنى ئامێرى ئەلیکترۆنى، ژمێریارى، دوورینى جلى کوردى، کارمەندى فرۆشتن، دارتاشیی مۆبیلیات، بەرگدروو بۆ دوورینى جلوبەرگ، دروستکردنى شیرینى، کاشێرى، کارمەندى مارکێتینگ، دیزاینەرى جلوبەرگ و کارمەندى دانانى نینۆک، دەگرێتەوە و ئەوەی خوازیاری بەشداریکردنیش بێت دەتوانیت لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕم، سێ پیشە هەڵبژێریت.
باسی لەوەشکردووە کە ئەم جۆرە خولە سوود و تایبەتمەندی خۆی هەیە لەوانەش بەشداریکردن لەم خولە بێ بەرامبەرە و تەنانەت خەرجیی هاتوچۆ بۆ بەشداربووان خەرج دەکرێت، راستەوخۆ لەناو ژینگەی کاردا کارامەیی و لێهاتوویی بەدەست دەهێنیت ، لەگەڵ خاوەنکاران ئاشنا دەبیت و توانای خۆت دەسەلمێنیت، دواى تەواوکردنى خول، بڕوانامەى فەرمى پێشکەش بە بەشداربوو دەکرێت و ئەمە باشترین و خێراترین رێگەیە بۆ ئەوەی دوای خولەکە دەستت بە کار بگات.
بۆ ناونووسین و پێشکەشکردنی داواکاری، کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:
https://ee-eu.kobotoolbox.org/x/4gg7hcsH
لینکى هەواڵ لە پۆرتاڵی هەلى کار: