لە هەولێریش خانووی هەبووە
دەسەڵاتی دادوەری دەستی بەسەر 10 ملیار دۆلار و 40 موڵكی بریکاری پێشووی وەزیری نەوتدا گرت
فەرهاد حەسەن
دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخ لە بەغدا، دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانێکی خەیاڵی بریکاری پێشوی وەزیری نەوت رادەگەیەنێت، کە 40 خانوو و زەوی و پتر لە 10 ملیۆن دۆلاری کاش و بڕێکی زۆر زێڕ و چەک لەخۆدەگرێت و بەپێی راگەیەندراوێکێش ئەم کەسە خانووی لەهەولێرش هەبووە.
دەسەڵاتی دادوەری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، قازی لێکۆڵینەوە لە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ناوەندی، ئاشکرای کرد، لە چوارچێوەی دۆسیەی گەندەڵی “عەدنان محەمەد مەحمود” بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، رێکاری یاسایی توند گیراوەتەبەر و دەستبەسەر بڕێکی زۆر دارایی و خانوبەرەی تۆمەتبار و گروپەکەیدا گیراوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرەنجامی شۆکهێنەریان هەبووە، بەوپێیەی توانراوە دەستبەسەر بڕی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و سێ ملیار دیناری عێراقیدا بگیرێت، لەگەڵ کیلۆگرام و نیوێک لە خشڵ و زێڕ کە لە لایەن تۆمەتبار و کەسانی نزیکییەوە حەشار درابوون.
سەبارەت بە موڵک و ماڵە نەگوێزراوەکان، دادگا ئاماژەی بەوەکردوە کە دەستبەسەر 40 موڵكی جۆراوجۆردا گیراوە کە دەکەونە پارێزگاکانی بەغدا، سەلاحەدین و هەولێر، کە سەرجەمیان بە گومانی بەدەستهێنان لە رێگەی گەندەڵی و هەڵلوشینی سامانی گشتییەوە رێکاریان بەرامبەر گیراوەتە بەر.
جگە لەو سامانە زۆرە، هێزە ئەمنییەکان بڕێکی زۆر چەکی سوک و مامناوەندیشیان لە شوێنەکانی پەیوەست بە تۆمەتبار دۆزیوەتەوە. دادگا جەختیش دەکاتەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی تری کە دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە بەردەوام دەبێت.
رۆژی شەممەی رابردوو، عەدنان محەمەد مەحمود، بریکاری وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری پاڵاوگەی بێجی، بە تۆمەتی گەندەڵی لە سەڵاحەدین دەستگیرکرا، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی نوێی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقە بۆ رووبەڕوبونەوەی گەندەڵی.