تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی شار چارە کرا – وێنە؛ تەندروستی سلێمانی
خەڵکی باشووری عێراق بوو
تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون لە نەخۆشخانەی شار چارە کرا
شۆرش قادری
نەخۆشێکی باشووری عێراق کە تووشبووی تای خوێنبەربوون بوو، لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی چارەسەری بۆکرا و بەتەندروستییەکی باشەوە نەخۆشخانەی جێهێشت.
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی چەند وێنەیەکی نەخۆشەکە و دکتۆرەکانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “پێش 10 رۆژ نەخۆشێکی تەمەن 23 ساڵ لە پارێزگای واستی باشووری عێراقەوە سەردانی نەخۆشخانەی شاری کرد بەهۆی هەبوونی ئازارێکی زۆری جەستە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی کە نیشانەکانی تای خوێنبەربوونن و پێش ماوەیەک کەسێکی نزیکی هەمان نەخۆش بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە لە باشوری عێراق گیانی لەدەستدابوو”.
لەگەڵ داخڵبوونی نەخۆشەکە بۆ نەخۆشخانەی شار نموونەی پشکنینی لێ وەرگیراوە و رەوانەی تاقیگەی ناوەندی بەغدا کراوە، لەدوای دەرچوونی ئەنجامەکە دەرکەوتووە نەخۆشەکە هەڵگری ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە و لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە دەستکراوە بە چارەسەری پێویست و پێش ئەوەی حاڵەتەکە بگاتە خوێنبەربوون، هەموو رێکارە تەندروستییەکانی بۆ کراوە.
لە ماوەی هەفتەی رابردوودا چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشەکە دانراوە، چاودێری وردی چارەخوازەکە کراوە، لەئێستادا تەندروستی جێگیرە و نەخۆشخانەی جێهێشتووە.