زەیدی ستایشیان دەکات

دوای سه‌رایا سه‌لام “عه‌سائیب” و “كه‌تیبه‌كانی ئیمام عه‌لی”یش چەكیان دانا

فەرهاد حەسەن

دوای سه‌رایا سه‌لامی سه‌ر به‌ موقته‌دا سه‌در، هەریەك لە عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌قی کە سه‌ر به‌ قه‌یس خه‌زعه‌لییە، لەگەڵ كه‌تیبه‌كانی ئیمام عه‌لی سەر بە شبل زيدیە بڕیاری چەك دانانیاندا و سەرۆك وەزیرانی عێراقیش ستایشی هەڵوێستەكەیان دەكات و هەنگاوەكەیان بە ئەرێنی بۆ بونیادنانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا ناودەبات.

كه‌تیبه‌كانی ئیمام عه‌لی، یەكێكە لە گروپەكانی مقاوەمەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ده‌ستیكردووه‌ به‌ رێكاره‌كانی “كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا و ده‌ڵێت، “مقاوه‌مه‌ پێویستییه‌ نه‌ك پیشه‌، بەرپرسیارێتی ئەمڕۆمان پێویستی بەوه‌ هه‌یه‌ چه‌ك له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا كۆبكرێته‌وه‌”.

ئەم كه‌تیبانە بڕیاریانداوه‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنێت بۆ پرۆسه‌ی راده‌ستكردن و گواستنه‌وه‌ی چه‌كه‌كانی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان و چاودێری دووباره‌ چه‌كخستنی كارمه‌نده‌كانی له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت.

لەلایەكی دیكەوە بەیانی ئەمڕۆ بزوتنەوەی عەسایبی ئەهلی حەق كە قەیس خەزعەلی سەركردایەتی دەكات، لە راگەیەندراوێكدا پاڵپشت بە داواكاری مەرجەعی باڵاو جەختكردنەوە لێدوانی ئەمینداری گشتی عەسایبی ئەهلی حەق سەبارەت بەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا بێت، دەڵێت “دەستمانكردوە بە جێبەجێكردنی رێوشوێنەكان لە رێگای پێكهێنانی لیژنەیەكەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە “ئەم لیژنەیە بەرپرسیار دەبێت لە جەردکردنی سەرجەم هێز، چەک و پێداویستییە لۆجستییەکان و بەستنەوەی راستەوخۆیان بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە، بەپێی داواکاریی و رێوشوێنە ئەمنییەکانی دەوڵەت”.

لایخۆشییەوە عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوو راگەیەندراوی جیاوازدا ستایشی هەڵوێستی قەیس خەزعەلی و شبل زەیدی و بەرپرسان لە كەتایبی ئیمام عەلی کرد، لە بەرامبەر راگەیاندنی نیازی خۆیان بۆ دەستپێکردنی بچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ حەشدی شەعبی و دوپاتکردنەوەی كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت.

زەیدی دەڵێت، ئەم رێبازە نمایندەی هەنگاوێكی ئەرێنی دەكات بۆ بونیادنانی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەری یاساو پابەندبون بە دەستور و دامەزراوە فەرمییەکان.

داواشی لە هەموو هێزە سیاسی و نیشتمانییەکان کرد بەردەوام بن لە دیالۆگ و هاوکاری، بە گیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانی کاربکەن و بەرژەوەندییەکانی عێراق لە سەرووی هەموو پێودانگێكی دیکەوە لە پێشینەی کارەکانیاندا بێت.

ئێواره‌ی دوێنێش چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه‌ هاوپه‌یمانی زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ شیعه‌كانه‌ پشتیوانی خۆی بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌تی عه‌لی زه‌یدی راگه‌یاند تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی چه‌ك له‌ده‌ستی ده‌وڵه‌تدا، ئه‌م هه‌نگاوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه ستایش كراوە.

پێشتر و لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشیمانی شیعە لە بڕیارێکی نوێدا ڕایگەیاند کە “سەرایا سەلام” بە تەواوی لە ڕەوتی شیعەی نیشتمانی جیادەکاتەوە و دەیانخاتە ژێر فەرمانی حکومەت، هاوکات داوای لە گروپە چەکدارەکانی تری حەشدی شەعبیش کرد چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و کۆتایی بە پاشکۆیەتیی حزبی و تائیفی بهێنن.